Accessibility links

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی: دوێنێ ئاگادارکراینەوە کە قەدەغەی گەشتەکانی سلێمانی بۆ شەش مانگی تر درێژکراوەتەوە


بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت تورکیا ئاگاداری کردوونەتەوە کە قەدەغەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆماوەی شەش مانگی تر درێژکراوەتەوە. لێپرسراوی کۆمپانیا و نوسینگە گەشتیاریەکانیش دەڵێن،" لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 8 ملیۆن دۆلار زیان بە کۆمپانیاکانی گەشتووگوزاری گەشتووە."

هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی نامەیەکی ئەلکترۆنیەوە ئاگادارکراینەوە کە ماوەی گەشتەکانی تورکیا بۆ سلێمانی درێژکراوەتەوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر، واتە تا 7ی مانگی 12، بێ ئەوەی ئاماژەی بە هۆکار و وردەکاری بڕیارەکە کردبێت. "

وتیشی،" زەرەری بڕیارەکە زۆرە قۆناغ بە قۆناغ جیامان کردۆتەوە، بەڵام جارێ بڵاوی ناکەینەوە تا کاتی خۆی."

لە 3 ی مانگی چواری 2023 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕێگەی بەیانامەیەکەوە بەفەرمی گەشتەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخست، هەرچەندە بڕیارەکە سەرەتا بۆ ماوەی دوو مانگ بوو، بەڵام چەند جارێکی تر تورکیا ماوەی قەدەغەکەی درێژ کردەوە و دوای تێپەڕ بوونی نزیکەی ساڵێک و دوو مانگ شەش مانگی تر واتە تا 7 ی مانگی 12 وادەی قەدەگەکەی درێژ کردەوە.

بیانووی تورکیا هەبوون و زیاد بوونی چالاکیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە سنوری سلێمانی و چەند جارێکی تریش جەختی کردۆتەوە لەم بابەتە و بە ڕوونی بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەیان ئاڕاستەی یەکێتی و دەسەڵاتی ئەم زۆنە کردووە بەم بۆنەیەوە.

هەرچەندە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەنەبوو ئاماری زەرەری ڕاگرتنی گەشتەکان ئاشکرا بکات، بەڵام بەڕێوە بەری کۆمپانیا و نوسینگە گەشتیاریەکانی سلێمانی دەڵێت،"کۆمپانیاکان زەرەری گەورەیان کردووە."

عەتا ئەنوەر لێپرسراوی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نوسینگە گەشتیاریەکانی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تورکیا لەبەر ئەوەی هاوسنورە و خەڵکێکی زۆر بۆ گەشتیاری ڕووی تێدەکەن، بۆیە زەرەری بە گەشتو و گوزاری هەرێم گەیاندووە، کاریگەری زۆری هەیە، گەشتیار زۆر کەمی کردووە و خەڵک زۆر کەم سەردانی تورکیا دەکەن، بەتایبەت لەسەر کۆمپانیاکای گەشتووگوزاری کاریگەری گەورەی هەیە و زەرەرمەند بوون لەم داخستنە."

وتیشی،" گەشتەکان تەنها بۆ تورکیا نەبووە، تەنانەت گەشتەکانی ئەوروپاش بە ڕێگەی تورکیاوە، ئێمە 150 کۆمپانیا کاری سەرەکیمان لەسەر تورکیا بووە، بۆیە دەتوانم بڵێم کۆمپانیاکان بە نزیکەی 7 بۆ 8 ملیۆن دۆلار زەرەریان کردووە لە 3ی 4ی 2023 تا 4ی4 2024."

XS
SM
MD
LG