Accessibility links

بۆچی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دواخران؟


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، دوا دەخرێن بۆ مانگی 8ی داهاتوو.

ئەگەرچی وەها بڕیاربوو ڕۆژی 11ی ئەم مانگی 6ە هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکان بکرێت، بەڵام وەک کۆمیسیۆنەکە دەڵێت ئەم دواخستنە لەسەر داوای ژمارەیەک هێز و لایەندان کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی هەرێمەکەدا.

This image contains sensitive content which some people may find offensive or disturbing.
بەیاننامەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن
بەیاننامەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن

ئارێز ئەندەریاری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت "دەوڵەتی تورکیا لە سەرۆک ئەردۆغانەوە تا ناوەندە سیاسییەکانی تری ئەو وڵاتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیان کرد کە هێرشی لەشکریانە دەکەن، بەڵام ئەو بابەتانە شتێکی نووێ نین و پێشتریش ئانکەرە ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی هەر کردووە، جا ئەم دواخستنەی هەڵبژاردن زیاتر پەیوەندی بە میکانیزمی ئامادەکارییەکان و داخوازی لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە. ئەمە بێ لەوەی بەڕێوبەرانی ئەو هەرێمە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کە ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کراوە و یاسای تایبەتیشی بۆ پەسەندکراوە، ئەمانە زیاتر وەهایان کرد هەڵبژاردنەکان دوابخرێن نەک هەڕەشەکانی تورکیا."

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ سوریا لە تۆڕی ئێکس ڕاگەیاندنێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاو دەکاتەوە کە دەڵێت "هەر هەڵبژاردنێکی لە سوریا دەکرێت، پێویستە ئازاد و ڕەوا و ڕون و ئاشکرا و فرەلایەنیش بێت بەپێی بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەوبڕوایەدانین هەلومەرجەکان لە ئێستادا بۆ ئاوەها هەڵبژاردنێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بوونی هەبێت؛ ئەم ڕوانینەمان گەیاندۆتە ژمارەیەک کاراکتەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەوانە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری و داواشمان کردووە لەم کاتەدا ئەو هەڵبژاردنە نەکرێت."

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێشتاش ناکۆکی و قەیرانی سیاسی هەیە بەتایبەت لە نێوان پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا (ئەنەکەسە) و بە قەیرانە سەرەکییەکەش دادەنرێت.

دیمەنێکی شاری عەفرین
دیمەنێکی شاری عەفرین

بەڕێز ئەندەریاری باس لە ڕەوشی شاری عەفرین دەکات کە هێشتاش سەدان هەزار کەسی دانیشتووی ئەو شارە ئاوارەن، بەهۆی داگیرکردنی شارەکەوە لەلایەن تورکیاوە و دەڵێت "نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە عەفرین هەیە و لەگەڵ کۆمەڵە عەرەبییەکاندایە و هەر هەمووشیان لەژێر ئاڵای تورکیادا کار دەکەن؛ تەنها پەیڕەو لە سیاسەتی تورکیا دەکەن لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستاندا، هەربۆیەشە هەرگیز لەوبڕوایەدا نیم ئەنەکەسە بیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات."

ڕەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، سەرۆکی تورکیا دەڵێت "زۆر لە نزیکەوە چاودێریی جموجۆڵە شەڕانگێزییەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکە دەکەین دژ بە پارێزراوی وڵاتەکەمان و هەروەها سوریاش بە ناوی ریفراندۆمەوە، پێشتر زۆر بە ئاشکرایی هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو؛ تورکیا هەرگیز ڕێگەنادات دەوڵەتێکی تێرۆریست دابمەزرێت لە دەرەوەی سنوورەکانییەوە لە سوریا و عێراقدا."

موحەمەد ئیسماعیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 25ی مانگی 5 لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "هەڵبژاردنەکان ناڕەوان و جێی بایەخی ئەنەکەسە نین."

پێشتریش کاربەدەستانی کورد لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، ئاماژەیان بەو هەڕەشانەی تورکیا کردووە بەبێ ئەوەی بە هێندی وەربگرن لەو ڕوانگەیەوەی وەک باسیان دەکرد تورکیا پێویستی بە هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێرشکردن و هەر کاتێکی بیەوێت هێرشی زەمینی و ئاسمانیی خۆیی کردووە.

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئەوەیە کە لە هەر 7 کانتۆنەکەی ئەو هەرێمەدا بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 5500 کەس خۆیان کاندید کردووە لەم هەڵبژاردنەدا.

ئارێز ئەندەریاری دەڵێت "ئەمانە بێ لەوەی بە دەیان کۆمەڵە و لایەن و ڕێکخراوی سیاسی و هەروەها ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشدار دەبن و بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆن، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمەش یەکەمین جارە هەڵبژاردنێکی ئاوەها بەرفراوان بکرێت و یاسای تایبەت بە خۆیی هەبێت."

بەڕێز ئەندەریاری جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە دەشێت ببێتە وێنەی ڕیفراندۆمێک و دەشڵێت "هەتا ڕێژەی بەشداریکردن زیاتر بێت لە هەڵبژاردنەکەدا، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ زیاتر ڕۆچوونی ڕەگوڕیشەی ئەو سیستەمەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە بۆ ناو تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگە."

XS
SM
MD
LG