Accessibility links

موخلد حازم: ئەو هێرشانەی ناو بەغدا هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە غەززەوە


لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک ڕێستۆرانی ناوداری ئەمەریکایی لە بەغدای پایتەختی عێراق، هێرش کرایە سەریان و زۆرێکیش لە چاودێر ئەو هێرشانەیان بە "هێرشی بە بەرنامە" ناودێر کرد.

موخلد حازم، شیکەرەوەی ئاسایشی و ستراتیژی دەڵێت "بە دڵنیاییەوە و ئەوەی گومانی تیادا نییە ئەو هێرشانە دەستدرێژیکردنێکی ئاشکران بۆ سەر شکۆی دەوڵەتی عێراق و بۆ سەر شکۆی هێزە ئاسایشییەکان، بەڵی دەسەڵاتدارانی وڵات ژمارەیەک خەڵکیان دەستگیر کردووە بەڵ:ام تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە لەسەر ئەنجامەکانی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان؛ ئەو هێرشانە ڕەوشێکی نابەڵەدیان هێناوەتە ئاراوە لەناو ئاشتی کۆمەڵایەتی عێراقییەکاندا."

ئەو هێرشانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا، وەک هەندێک لە سەرچاوەکانی هێزە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان ئاماژەیان پێکردووە "کاردانەوەیە بەرامبەر بە ڕووداوەکانی کەرتی غەززە" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بەو شەڕەی لە ڕۆژی 7ی مانگی 10وە لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەستیپێکردووە.
بەڕێز حازم، وەکا باسی دەکات سەرلەبەری ئەو هێرش و جموجۆڵانە بە هیچ کلۆژێک پەیوەندییان نییە بە شيڕی غەززەوە و دەڵێت "ئەگەر بڕێک لە ڕابردوو بڕوانین، لایەن هەبوون بە موشەک و درۆن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان دەدا، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەواو جیاوازە و ئەو هێرشانە دەکرێنە سەر ڕێستۆرانتە ئەمەریکاییەکان، تانوپۆیەکی سیاسییان هەن لە پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەکەوە."

لە عێراق دۆسێکانی قەیرانی سیاسی ئاڵۆزن و بە ئەندازەیەکیشن هەروداێ و متمانە لە ناو لایەنەکان و لە نێوان لایەنەکانیشدا هەڵدەوەرێنێت.
ئەم شیکەرەوە ئاسایشییەی عێراق وەک بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کێشە سیاسییەکان ڕەهەندیان زۆرن و دەڵێت "هەر یەکێک لەو ڕەهەندانە شییانیان هەن، وەک ئەوەی ئایا لە بەرامبەر حکومەتی عێراق دەکرێن؟! ئایا ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو لایەنانەن کە بەشێکن لە حکومەت؟! یانیش ئایا پەیامێکە بۆ کۆمپانیا بیانییەکانی یاداشتنامە و کۆنتراکتیان لەگەڵدا مۆرکراوە؟! هەربۆیەشە لەسەر حکومەتی عێراق پێویستە بڕیاری بوێرانەی خۆی بدات و دەستبەرداری ئەم بابەتە هەستیارە نەبێت؛ چونکە ئەو هەنگاوە بوێرانەیە دەیسەلمێنێت بۆ ڕای گشتی لە ناوەوە و لە دەرەوەی عێراقیش کە حکومەت و دەوڵەت و دامەزراوەی ئاسایش هەن و کاری خۆیان دەکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی."

میلیشیاکانی ئەسحابولکەهف، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە ڕاگەیاندووە.

ئەم هێزە میلیشیاییە وەک باس دەکرێت لەو کاتانەدا زیاتر خۆی دەردەخات کە ناکۆکی لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراقدا دروست دەبێت، هەر بۆیەشە دەگوترێت جموجۆڵەکانی ئەسحابولکەهف لە بەرژەوەندی چەند لایەنێکی ناو حکومەتە.

هەندێک لە میدیاکان ئاماژەیان کردووە بەوەی هێزە میلیشیاییەکانی عێراق تەنها 40 ڕۆژیان داناوە بۆ موحەمەد شییاع ئەلسودانی سەرەک وەزیری عێراق، تا تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشینەوە، ئەگەر نا ئەوا هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە دژ بە تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لە ناوچەکەشدا.

موخلد حازم، ئەو هەواڵە پشتڕاست ناکاتەوە دەڵیت تا ئێستا هیچ یەکێک لەو هێزە میلیشیاییانە باسیان لە دانانی ئاوەها وادەیەک نەکردووە "ئەوەی هەندێک لە میدیاکان و تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بڵاویانکردۆتەوە، بنەمایەکی کۆنکریتییان نییە."

بەلای زۆرێک لە شیکەرەوە، ئەو هێرشانەی وەک دەگوترێت بە بەرنامە دەستیان پێکردووە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا، زیانی هەرە گەورەی بۆ خودی عێراق دەبێت، لەو سۆنگەیەوەی دەبنە تەگەرەیەکی گەورە و گرانی بەردەم وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتەکەدا.

XS
SM
MD
LG