Accessibility links

ئەسەد و سودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باس لە باری ئاسایش و چەندین بابەتی تر دەکەن


میدیاکانی دەوڵەتی عێراق ڕایانگەیاند، محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لەسەر هاوئاهەنگی ئاسایشی کردووە، لەنێویاندا ڕووبەڕووبوونەوەی "مەترسییەکانی پاشماوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئاسایشییەکانی دیکە" بوو.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت جگە لە بابەتە ئاسایشییەکان باسیش لە " ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری و فراوانکردنی ئاسۆکانی لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەتی بوارە ئابوورییەکان و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوبەشی بەرهەمدار بۆ خزمەتکردن و گەشەپێدانی دوو گەلی برا." کراوە.

هەروەها دەشڵێت " لە میانەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کرا، هەروەها باس لە شەڕی بەردەوامی غەززە و دەستدرێژییە بەردەوامە توندوتیژەکانی زایۆنیستیەکان کرا، کە پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی هەیە، لە پێناو کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی فەلەستینییەکان."

هێرشەکانی ئیسرئیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە پاش 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس هێرشێکی بیپێشینەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان لەو هێرشەدا کوشت کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بێجگە لەوەش نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، کە هێشتا بەشێک لە بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

XS
SM
MD
LG