Accessibility links

ڕێکخراوی سی پی تی: جێگیربوونی پاسەوانی سنور لە نزیک بارەگاکانی تورکیا بۆتە هۆی گەڕانەوەی دانیشتوانی 24 گوند


تیمی کوردستانی - عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی(CPT) ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی جێگیربوونی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە نزیک بەشێک لە بارەگاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ئاسایش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەو هۆیەشەوە نزیکەی 24 گوند ئاوەدان کراونەتەوە و گوندنشینان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان کە بەشێکیان ساڵانێکی زۆرە لە ترسی هێرشەکانی تورکیا چۆڵکرابوون.

کامەران عوسمان بەر پرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەهۆی ئامادەیی چەندین بارەگای تورکیا و هێرشەکانی ئەو وڵاتەوە لە ڕابردوودا 161گوند بەتەواوی چۆڵ ببوون، زیاتر لە 602 گوندیش لە ژێر هەڕەشەی چۆڵبووندابوون."

وتیشی،" بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بارەگای سەربازی کە هی پاسەوانی سنورن لە سنورەکان جێگیرکردووە، پاسەوانی سنوری عێراقی ڕاستەوخۆ بەرامبەر بارەگاکانی تورکیا سەربازگەی دروستکردووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی نێروە ڕێکان، بەرواری باڵا، حەفتا نین و سنوری قەزای باتیفا و ئامادەیی ئەو بارەگایانە بۆتە هۆی ئەوەی نزیکەی 24 گوند ئاوەدان بکرێنەوە و هاونیشتیمانیەکانیان بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان، کە هەندێکیان 13 ساڵ بوو چۆڵکرابوون و کەمترینیشیان 4 ساڵ دەبێت، خەڵک هەست بە ئەمنیەت دەکات بۆیە توانیویانە بگەڕێنەوە."

تورکیا لە مانگی 12ی ساڵی 2017 ەوە تا مانگی 4 ی 2022، 64 بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ 12 کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرەڕای بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی سەربازی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە تەنها لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بووە کە ژمارەیان 1159 هێرشبووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە، وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە، سەرەڕای ئەوەی تەنها لە چوارمانگی ئەمساڵدا8 هاوڵاتی سڤیل کوژراون کە چواریان لە گوندەکانی نزیک گارا بوون.

بوونی ئەو بارەگا سەربازیانە و هێرشەکان مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان و گوندنشینانی سنورەکە دورست کردووە، بەو هۆیەشەوە لە ڕابردوودا 161گوند چۆڵکرابوون.

هاشم عومەر کەشانی موختاری گوندی کەشان کە یەکێکە لەو گوندانەی بە 10 کیلۆمەتر دورە لە سنوری تورکیاوە و بەردەوام مەترسی هێرشی تورکیای لەسەرە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەم سنورەی ئێمە بە نزیکەی 10 گوندێک پێشتر بەردەوام مەترسیمان لەسەربوو، بەڵام لە دوای هاتنی هێزەکانی سوپای عێراقەوە ناوچەکەمان ئارامە، لە دوای بوونی هێزەکانی سەر سنوری عێراق ئاسایشی ناوچەکە باشتر بووە و خەڵک ترسیان کەم بۆتەوە لە هێرشەکانی تورکیا."

تورکیا سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی، بەڵام نایشارێتەوە کە پلانی هێرشی بەرفراوانتری هەیە لە بەهاری ئەمساڵدا، بیانووی تورکیاش پاراستنی وڵاتەکەی و سنورەکەیەتی لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە وەک مەترسی بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێت.

کامەران عوسمان دەڵێت،" لە ئێستادا تورکیا تەرکیزی لەسەر گوندەکانی گاراو مەتینایە، چونکە گەریلاکان لەو دوو شوێنەوە زیاتر هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی تورکیا."

وتیشی،" مەترسی هێرش هەرماوە، چونکە ڕۆژانە فڕۆکەکان ڕاهێنان لەسەر چیای گارا دەکەن و خەڵکی دەیان بینن ئەمەش وەک ئامادەکاریەکە بۆ هێرش."

XS
SM
MD
LG