Accessibility links

لە عێراق هەشت کەس بە تۆمەتی "تیرۆر" لە سێدارە دەدرێن


سەرچاوەیەکی ئاسایشی و بەرپرسێکی تەندروستی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، عێراق هەشت کەسی لە سێدارە داوە کە بە تاوانی "تیرۆر" سزا دراون، ئەمەش سێهەمین گروپە بەو شێوەیە لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا لەسێدارە بدرێن.

دادگاکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین سزای لەسێدارەدان و هەتاهەتایییان بەسەر ئەو عێراقیانەی کە بە "تیرۆر" تۆمەتبار کراون سەپاندووە، لەو جۆرە دادگاییانەدا کە گروپە مافپەروەرەکان دەڵێن پەلە پەلی تێداکراوە و ڕەتی دەکەنەوە.

بەپێی یاساکانی عێراق، تاوانەکانی تیرۆر و کوشتن سزای لەسێدارەدانیان هەیە و فەرمانی لەسێدارەدانیش دەبێت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە واژۆ بکرێت.

سەرچاوە ئاسایشیەکەی عێراق ڕایگەیاند، هەشت عێراقی "بە تاوانی تیرۆر و ئەندامێتی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی سزادراون" ڕۆژی پێنجشەممە لە زیندانی ئەلحوت لە شاری ناسریە "بە سەرپەرشتی تیمێکی وەزارەتی داد" لەسێدارە دراون.

سەرچاوەکە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "بەپێی مادەی چوارەمی یاسای دژە تیرۆر" لەسێدارە دراون.

سەرچاوەیەکی پزیشکی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی تەرمی هەشت کەسی لەسێدارەدراوی پێگەیشتووە.

ئەلحوت زیندانێکی بەناوبانگی ناسریەیە کە ناوە عەرەبیەکەی بە واتای "نەهەنگ" دێت، چونکە عێراقییەکان پێیان وایە ئەوانەی لەوێ زیندانی کراون هەرگیز بە زیندووی دەرناچن.


XS
SM
MD
LG