Accessibility links

حەماس پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا


وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

میدیاکانی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'وێڵت ئەم سانتاگ'ی ئەڵمانی بڵاویان کردووەتەوە کە شانەیەکی تیرۆریستی حەماس بەنیاز بووە هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەرلین و بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ئەڵمانیا ئەنجام بدات.

ئەو ڕۆژنامە ئەڵمانییە ڕۆژی شەممە لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "ئەڵمانیا ڕووبەڕووی ڕەهەندی نوێی هێرشی تیرۆریستی دەبێتەوە"، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، نووسیویەتی ڕێکخراوی ئیسلامی فەلەستینی توندڕەوی حەماس خەریکی داڕەشتنی کۆمەڵیک پلانی هێرش بووە لە ئەڵمانیا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تۆمەتبارەکە کە بە ڕەچەڵەک لوبنانییە، فەرمانەکانی لە ئەندامانی حەماس لە لوبنان وەرگرتووە.

ڕۆژنامەی وێڵت ئەم سانتاگ ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم ئامانجانە لە مۆبایلە زیرەکەکەی تۆمەتبارەکەدا کە لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکرابوو، دۆزراوەتەوە و داواکارانی گشتی ئەڵمانیا دەستگیرکراوەکەیان تۆمەتبار کردووە کە لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکدا بووە بۆ شاردنەوەی چەک لە ئەوروپا.

داواکاری گشتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە داوە کە "پەیوەندییەکان لەگەڵ باڵی سەربازی حەماس لە لوبنان فراوانترە لەوەی کە تا ئێستا زانراوە."

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر ئاشکرایکردووە کە حەماس تۆڕێک لە بریکارەکانی لە ئەوروپا بەڕێوەدەبات کە "لەلایەن سەرکردە تیرۆریستییەکانی حەماسەوە لە لوبنان فەرماندەیی دەکرێت" کە ئامانجیان هێرشکردنە سەر جووەکان و ئیسرائیلییەکانە لە دەرەوەی وڵات.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی بزووتنەوەی حەماس کە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتەدایە و هەروەها گرووپی سامدونی فەلەستینی قەدەغەیە.

نانسی فاسیر گوتی "تۆڕی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس و سامدون لەژێر ناوی پاڵپشتیکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە ئیسرائیل بەدوای وێرانکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر ڕێکخراو و ماڵی جووەکان و پڕوپاگەندەی دژە جووەکاندان.


ئەڵمانیا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ژاپۆن و ئیسرائیل ئەو وڵاتانەن کە حەماسیان خستۆتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

XS
SM
MD
LG