Accessibility links

ژینا مودەرێس گورجی، چالاکوانی کورد سزای 21 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت


ژینا مودەرێس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی خەڵکی سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێرانەوە بە کۆی گشتی 21 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

بە گوێرەی هەواڵیکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو، کۆماری ئیسلامی ئەو ژنە چالاکوانەی بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپی نایاسایی بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت" بە 10 ساڵ زیندانیکردن و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتانی دوژمن" بە 10 ساڵ زیندانیکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا داوە.

بە پێی یاسای "یەکگرتنەوە و تێکەڵکردنی سزاکان"ی ئێران، ئەو ڕۆژنامەوانە لە کۆی گشتی 21 ساڵ سزاکەی، دەبێت قورسترینیان کە دەکاتە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی، تێپەڕێبێت.

ئەو رێکخراوانە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پارێزەرانی ژینا مودەرێس گورجی بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەو سزا قورسە تۆمار کردووە و داواکەیان ناردووە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە بۆ ئەوەی دووبارە لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە بکرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی دژی خاتوون مودەرێس گورجی دەرچووە، نموونەی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، بریتین لە "دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیوانۆ بە ئایدۆلۆژیایەکی فێمینیستی و بە ئامانجی ڕووخانی حکومەت"، "بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان و دەربڕینی دروشمی تێکدەرانە"، "پەیوەندیکردن لەگەڵ دوژمنانی کۆماری ئیسلامی"، "بەشداریکردن لە کۆنفڕانس و ورکشۆپە نێودەوڵەتییەکان"، "بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" و "ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیای بیانی بە مەبەستی ئاڵۆزکردنی دۆخی وڵات وکۆمەڵگە لە کاتێکی هەستیاردا دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی."

ژینا مودەرێس گورجی یەکەمجار لە مانگی9ی ساڵی 2022 لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەریییەکانی ئێران لەلایەن هیزەکانی ئاسایشی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرا و دوای 40 ڕۆژ بە شێوەیەکی کاتی بە کەفالەتی 100 ملیۆن تمەنی ئێرانی ئازاد کرا.


ئەو چالاکوانەی مافەکانی ژنان لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کرا و پاش 84 ڕۆژ دەستبەسەرکردنی، بە کەفالەتی 5 ملیار تمەن، لە زیندانی ژنانی چاکسازیی سنە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەروەها هێزەکانی ئاسایش لە مانگی 3ی ئەمساڵدا، کتێبفرۆشی ژیرا کە لەلایەن خاتوون ژیناوە بەڕێوەدەبرێت، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێوە، بۆ ماوەیەک داخست.

یەکەمین دادگای ئەو ژنە چالاکوانە کوردە لە مانگی 2ی ساڵی 2023 لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە بەڕێوەچووە. دووەم دادگایشی لە مانگی 9ی ساڵی 2023 لە هەمان دادگاە بەڕێوەچوو و دانیشتنی سێیەم دادگاشی لە مانگی چواری ئەمساڵ بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرمی بەڕێوەچووە.

XS
SM
MD
LG