ئیڵان ماسک، ملیاردێری بواری تەکنەلۆژیا دەڵێت پێدەچێت ژیریی دەستکرد لە داهاتوودا شوێنی هەموو کارەکانمان بگرێتەوە، بەڵام مەرج نییە ئەمە شتێکی خراپ بێت.
ماسک کە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە لە هەشتهەمین کۆنفرانسی دەستپێکردن و داهێنانی تەکنەلۆژیای پاریس بۆ ساڵی 2024 (VivaTech 2024 ) بەشداریکردبوو، ڕۆژی پێنجشەممە 23ی مانگی پێنج گوتی "پێدەچێت هیچ کام لە ئێمە کارمان نەمێنێت" و باسی داهاتوویەکی کرد کە کارەکان تێیدا "دڵخواز" دەبن.
خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی "مەگەر بتەوێت شتێک بکەیت کە جۆرێک چێژی تێدا بێت بۆت و دەتوانیت شتێک بەو مەبەستە هەڵبژێریت، ئەگەرنا ژیریی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکتان بوێت پێشکەشتان دەکەن."
ماسک گوتی بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیە کار بکات، دەبێت "داهاتێکی جیهانی بەرز" بێتە ئاراوە کە لەگەڵ "داهاتی بنەڕەتی جیهانی" بە هەڵە وەرنەگیرێت.
داهاتی بنەڕەتی جیهانی ئاماژەیە بۆ پێدانی بڕە پارەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکومەتەکانەوە بە تاکەکان، بەبێ گوێدانە ئەوەی خۆیان چەندە داهاتیان دەستدەکەوێت.
بە گوتەی ئیڵان ماسک، ئەگەر ئەم سیناریۆیە بێتە دی، "هیچ کەمیی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە جیهاند بوونی نامێنێت."
ئیڵان ماسک هەروەها لە کاتەکەی لەو کونفرانسەدا کەڵکی وەگرت بۆ هاندانی دایک و باوکان کە ڕێگە نەدەن منداڵەکانیان بە ئاستێکی زۆر سۆشیال میدیا بەکاربهێنن، چونکە بەرنامەکانی سۆشیال میدیا لەلایەن ژیریی دەستکردەوە داڕێژراون و دەبنەوە هۆی دەردانی زۆرترین دۆپامین لە مێشکدا.
داهاتووی ژیریی دەستکرد لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە بابەتێکی مشتومڕاوی و یاسادانەران و خاوەن پیشەسازییەکان و بەکارهێنەران هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەم ئامرازە دەکەن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ژیریی دەستکرد لە ساڵانی داهاتوودا تا چەند مەترسی لەسەر هەلی کار دروست دەکات؟
بەپێی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، توێژەرانی تاقیگەی زانستی کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکردی زانکۆی میشیگان بۆیان دەرکەوتووە کە بازرگانەکان زۆر بە هێواشیتر لەوەی هەندێک چاوەڕوانییان دەکرد و نیگەرانن، ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە زۆربەی ئەو کارانەی پێشتر پێدەچوو ژیریی دەستکرد شوێنیان بگرێتەوە، بۆ خاوەنکارەکان لەو سەردەمەدا لەڕووی ئابوورییەوە، قازانجێکی ئۆتۆیان نەبووە.
هەروەها شارەزایان تا ڕادەیەکی زۆر پێیان وایە زۆرێک لەو کارانەی کە پێویستیان بە سۆز و پەیوەندییەکانی مرۆڤەوە هەیە، وەک دەروونناسی و کەسانی داهێنەر و مامۆستا، جێگرەوەیان نییە.