Accessibility links

نیگەرانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان


بە بڕیارێکی دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 20ی پێنجی 2024 دەرکراوە و ڕۆژی سێشەممە دەست ڕاگەیاندنەکان کەوتووە، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کردووە پێنج کورسی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بە شێوەیەک کورسییەک بۆ ئەرمەن لە دهۆک، کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان لە هەولێر و بە هەمان شێوە لە سلێمانی. ئەم بڕیارە پاش تانەی پێکهاتە جیاوازەکان هات کە داوای گەڕانەوەی کورسیەکانیان دەکەن پاش ئەوەی بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراق لە ساڵی ڕابردوتر لابرا، لابردنی کورسیەکە و دابەشکارییەکەش نیگەرانی بەشێک لە پێکهاتەکانی لێکەوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی تر لە پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی تر هەن کە کورسی پێکهاتەیان بۆ دیارینەکراوە، بە تایبەت ئێزیدی و کاکەییەکان.

دەپرسین:
بۆچی سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەکورسی پێکهاتەکان گەڕایەوە، کەچی ئەو پێکهاتانە هێشتا نیگەرانن، بە تایبەت لە دابەشکردنی کورسییەکانیان بەسەر پارێزگاکان؟
ئایا هیچ ڕاوێژێک بە پێکهاتەکان کراوە بۆ دابەشکردنی کورسیەکانیان بەسەر پارێزگاکاندا؟
بۆچی هەتا ئێستا ئێزیدی و کاکەییەکان کورسی پێکهاتەکانیان بۆ دیارینەکراوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:

دکتۆر سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

زیا بتریۆس، سیاسی سەربەخۆی کەلدانی و سەرۆکی پێشووی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان.

ئازاد کورەچی، سەرۆکی لیستی میللـەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمان هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 1:01:48 0:00


دکتۆر سەعید کاکەیی:

دکتۆر سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
دکتۆر سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

"دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان بەپێی ئەو ڕێنمایی و یاسایانەی پێشتر بۆی دیاریکراون، بڕیارەکانی کۆتا بڕیارن، واتە تانەی لێنادرێت، بەردەوام لەبەر بەرژەوەندی گشتی بڕیاردەدات، کەلێرەدا واتای پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەیە و ڕەچاوکردنی داواکاری هەموو پێکهاتە جیاوازە نەتەوەیی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتە. بڕیاری گەڕانەوەی پێنج کورسی کۆتاش لایەنی کەمی بەرژەوەندییە گشتییەکانی لەبەرچاو گرتووە، دانانی ئەو پێنج کورسیەی کۆتاکان هەروا نەبووە بەڵکو بەپێی ماددە 49ی دەستوری عێراقە کەدەڵێت بۆ هەر 100هەزار کەسێک نوێنەرێکیان لەپەرلەمان دەبێ. تورکمان کەدەڵێن ژمارەمان 400 هەزارە نەخێر وانییە بەڵکو لەباشترین حاڵەتدا 250بۆ300 هەزار دەبن، هەموو ژمارەی پێکهاتەکان کەمترە لە ملیۆن، دەگاتە نیو ملیۆن."

ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت "سەبارەت بە دانەنانی کورسی بۆ پێکهاتەی کاکەیی،ئێزیدی تەنانەت شەبەکیش، لە بڕگەی 2ماددە 2ی دەستوری عێراقی باسی هیچ کام لە شەبەک و کاکەیی و ئێزیدی نەکراوە، و لەماددەی 125 کاتێک دەڵێ مافی سەرجەم پێکهاتەکان بەیاسایەکی تایبەت ڕێکدەخرێت، هێشتا ئەو یاسا تایبەتە نییە بۆیە پێدانی کورسی بەپێکهاتەکان لەسەر بنەمای مادە 49ی دەستوری عێراقی بووە کە بۆ هەر 100هەزار یەک کورسی دیاریکراوە، ژمارەی کاکەیی لەهەڵەبجە ناگاتە 30 هەزار بۆ پێکهاتەکانی تریش هەروایە، هەروەها هیچ کام لەم پێکهاتانە خۆمان داوای دابینکردنی کورسیمان نەکردووە، بۆیە ئەوەی گرنگە دانانی دەستور و یاسای نوێی هەڵبژاردنە لەخولی داهاتووی پەرلەمان کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بە(کاکەیی و ئێزیدی و شەبەک) هەمووان بپارێزێت.

زیا بتریۆس:

زیا بتریۆس، سەرۆکی پیشووی دەستەی مافەکانی مرۆڤ له ‌هەرێمی کوردستان
زیا بتریۆس، سەرۆکی پیشووی دەستەی مافەکانی مرۆڤ له ‌هەرێمی کوردستان

"ئەم بڕیارەی دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان، چەند لایەنێکی باشی هەیە، یەکەم، سەلماندن بوو بۆ ئەوەی کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ نەمانی کورسی پێکهاتەکان هەڵە و نادەستوری بووە، دووهەم گەڕانەوەی متمانەبوو بۆ پێکهاتەکان ئەگەرچی بڕیارەکە بەکەموکوڕیشەوە دەرچوبێت، سێییەم بەهێزکردنی پەرلەمانی کوردستانە، چونکە پەرلەمانی کوردستان بەبێ پێکهاتەکان بەتەنها دەبووە پەرلەمانی کوردی، بۆیە ئەگەر بڕیارەکەشمان پێ لاواز بێت بوونی باشترە لە نەبوون، سەرەڕای ئەوەی بوونی پێکهاتەکان لەخولی شەشەمی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەوەی کە دەستور نوسرایەوە هەرووەها یاسای نوێی هەڵبژاردن داڕێژرایەوە پێکهاتەکان بونیان هەبێت بۆ چەسپاندنی مافەکانی خۆیان بەڕەچاوکردنی یاسای ژمارە 5ی پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەو مافانە هەم لەدەستور وهەم لەیاسای هەڵبژاردنەکان جێگیر بکرێت تا نەکەونە ژێر هەڕەشەوە هەمووکات."

زیا بتریۆس، سیاسی سەربەخۆی کەلدانی دەشڵێت "خاڵە لاوازەکانی ئەم بڕیارەش، دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکانە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن کەئەمەش باش نییە،هەروەها دابەشکردنی ئەو کورسیانە بەوجۆرە بۆنی حزبی لێدێت چونکە هەست دەکرێت کورسی پێکهاتەکان دابەشکراوە بۆ سەر دوو زۆن، زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، جاران دەیانوت کۆتاکان هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنن چونکە بونەتە پاشکۆی لایەنێکی سیاسی و دەمانەوێت ڕێکیان بخەینەوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن، کەچی هاتن دابەشیان کرد، پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر جاران بەقسەی ئەوان کۆتا پاشکۆی یەک حزب بوبێ، ئایا بەو دابەشکردنە نابنە پاشکۆی دوو حزب؟ هەروەها نابنە هۆی بێبەشکردنی کریستیانەکانی دهۆک لە کورسی کۆتا؟ چارەسەر ئەوەیە کەهەڵبژاردنی نوێنەری کۆتاکان بەیەک بازنەیی بووایە، هەروەها تۆماری دەنگدەانی تایبەت بەخۆیان هەبووایە، هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 1992،هەروەها بوونی لیستی جیاوازی کاندیدانی کۆتا لە لیستی کاندیدانی گشتی، هەروەها هاوشێوەی دەنگدانی تایبەت ڕۆژی دەنگدانی کۆتاکانیش جیاواز بووایە، هیوادارم ئەو دوو حزبە لێگەڕێن خەڵکی باش و بەتوانا و شایستەی کۆتاکان لە هەردوو زۆنەکە بێنە پێشەوە بۆ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان نەک کەسانێک بهێننە پێش کە نەک ئەو حزبانە بەڵکو پێکهاتەکانی خۆشیان سودییان لێنەبینیووە."

دەشڵێت "ئەگەر من پۆستی پێشووم هەبووایە وەک سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر پێکهاتەکان بەرامبەر دابەشکردنی کورسییەکان هەڵوێستم دەبوو هەرچی کونسڵ و ناوەندە نێودەوڵەتیەکانە ئاگادارم دەکردنەوە هەروەها لەگەڵ حزبەکان دادەنیشتم هەرچەندە ئێستاش وەک کەسایەتی سەربەخۆ نەوەستاوم لەو کارە."

ئازاد کورەچی:
"خۆی هۆکاری دانانی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان بۆ ئەوەیە بوون و کلتور و فەرهەنگمان نەسڕدرێتەوە، هەرئێستا کە قسە دەکەم کاتێک تورکمانێک ڕێیدەکەوێتە فەرمانگەیەکی حکومەتی هەرێم، ئاسایشە، موختارە، یا هەر فەمانگەیەک، لەم هەولێرە کە پێویستی بەوەیە نەتەوە بنوسرێت کاتێک دەڵێ بنوسە تورکمان، فەرمانبەرەکە دەیکاتە موناقەشە دەڵێ، تورکمان کوا هەیە، جیاوازی چیە ئێوەش هەر کوردن، واتە بۆچونێک هەیە کەبوونی ئێمە ڕەتدەکاتەوە، من ئەو گرفتەشم لە پەرلەمان باسکردووە بەداخەوە چارەسەر نەکراوە و هەرماوە و ڕۆژانە هاووڵاتیانی تورکمان لەهەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
بابەتی گەرانەوەی کورسی پێکهاتەکان کە بەقسە کورسییان بۆ گەڕاندوینەتەوە، ئەوە ڕێک وەک ئەو پەندە تورکمانییە وایە کە دەڵێ(هاتن برۆمان بۆ چاک بکەن، بەڵام چاویشییان دەرهێناین)، ڕێک ئەو گەڕانەوە و دابەشکردنە وەک ئەوە وایە، ئەمجارە دابەشیشییان کردین، وەک میراتی دابەشییان کردین، سێ بەش بۆ ئەملا، دوو بەش بۆ ئەولا، جا وردە وردە شتەکە واناشرین دەکەن، چونکە مامەڵەمان لەسەر دەکەن(سێ بۆ تۆ، دوو بۆ من)."

سەرۆکی لیستی میللـەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمان هەرێمی کوردستان دەشڵێت "بە ئێمە دەڵێن ئێوە نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان نین و چیتان کردووە بۆیان؟ ئەی باشە خۆیان 100 ئەندام پەرلەمان بوون چییان کردووە بۆ خەلکی کوردستان؟!بۆ خۆیان زۆر ڕاستەقینەن؟! خەڵکی کوردستان ئەوانیان بەنوێنەری ڕاستەقینە دەزانی؟! تا نەچە ناو پەرلەمان نازانرێ چی دەگوزەرێ کە ئەو حزبانە شەڕی خۆیان دەهێنایە پەرلەمان و موزایەدەیان دەکرد و کەسیش گوێی لەو هەموو نوسراو و داواکاریەی ئێمە نەدەگرت.
گلەییم لە پارتی و یەکێتی هەیە، دەبوو کێشەکانی نێوان خۆیان لە کوردستان چارەسەر بکردایە نەک وەک ئێستا لەبەغداد و بابەتی پێکهاتەکانیان نەکردایە سیاسی و نەیانکردینایە بە ئالەتێک کە خەلک لە کۆمێنت جنێومان پێبدەن، ئێمە تێکەڵ ململانێی ئەوان نەبووین، ئەوان کێشەی خۆیان دەهێنایە پەرلەمان ئێمەیان تێوەدەگلان، باشە پارتی و یەکێتی لە 1992وە بەیەکەوە لە حکومەتن، ئێستا بۆ پێکنەهاتن و چونە بەغداد شکاتیان لەیەکتر کرد؟! ئێمە چ زیانێکمان بۆ ئەو کوردستانە هەبووە کە هەمووی لە کۆمێنت جنێو بە ئێمە دەدات!!

XS
SM
MD
LG