Accessibility links

کارێگەری مەرگی ڕەئیسی بەسەر ئێران و ناوچەکە چۆن دەبێت؟


مەرگی لەناکاوی سەرۆکی ئێران، لە کاتێکدایە خەڵکی ئێران بەدەست دۆخێکی ئابوری خراپەوە دەناڵێنن، و هاوکات ئەو وڵاتە لە ئەوپەڕی گرژیدایە لەگەڵ ئیسرائیل، بەهۆی پشتیوانی و کۆمەککردنی گروپە چەکدارەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکان کە ئێستا هەموویان لە سەنگەرێکدان لە دژی ئیسرائیل. هەرچەندە سیاسەتی گشتی لەو وڵاتە لەلایەن عەلی خامەنەئی، ڕێبەری باڵای ئێرانەوە دەستنیشاندەکرێت، بەڵام سەرۆکیش بەشی خۆی ڕۆڵێکی هەیە لە چۆنییەتی مامڵەکردنی دەزگاکانی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیانیاندا.

لەو ماوەیەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەسەر دەسەڵات بوو، حکومەتی ئێران لە جاران زیاتر بە توندوتیژی مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی دەکرد. ڕەئیسی کە یەکێک بوو لە چوار ئەندامی "کۆمیتەی مەرگ"، ئەو کۆمیتەیەی لە ساڵی 1988 لە ماوەی چەند مانگێکدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەزاران کەس دا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە موجاهیدینی خەلق، وەک باس دەکرێت پەسەندکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەو کارێکی زۆر ئاسان بووە، بۆیە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی خەڵکێکی زۆر لەسێدارەدران. هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی ژینا بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکان بووە هەتا شۆڕشەکەی سەرکوتکرد.

دەپرسین:
ئایە بە نەمانی ڕەئیسی پێشبینی دەکرێت توندوتیژییەکانی حکومەتی ئێران بەرامبەر خەڵکەکەی کەمتر ببنەوە؟

ئایە شیانی هەیە کەسێکی دیکەی توندی وەک ڕەئیسی ئەو پۆستە باڵایەی وڵاتەکە بگرێتەدەست؟

کێن ئەوانەی پێشبینی دەکرێن ببنە کاندیدی سەرەکی بۆ سەرۆکی وڵات؟

مەرگی سەرۆکی ئێران هێندەی دیکە بەهای تمەنی شکاند، بۆچی؟

ئایە ئێران دەتوانێت لە ماوەی ئەو 50 ڕۆژەی دەستور دەستنیشانیکردووە، سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت؟

ئەگەری هەیە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتەکانی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردابێت؟


لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە تاوتوێ کرا بە میوانداری بەڕێزان:
پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر.
عومەر ئیلخانی زادە، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
کۆشان عەلی زەمان، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:30 0:00

پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی:

ڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر
ڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر

"مردنی ڕەئیسی هەم کاریگەری لەسەر ناوخۆی ئێران و هەم کاریگەری لەسەر دەرەوەی ئێران دەبێت، ڕەئیسی یەکێک بوو لەو سەرۆککۆمارانەی کە بۆ هەموو بڕیارێکی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران (بەڵێ)ی دەکرد، جیاواز لە سەرۆک و کاربەدەستانی پێش خۆی ڕەخنەی نەدەگرت، وە هەم کاریگەری دەرەوەی دەبێت، ئەو بۆشاییەی ڕەئیسی دروستی دەکات بەهۆی ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە پێویستی بە بڕیاری زووییە، دەبێتە ئەگەری جۆرێک لە فەوزا وەک کاریگەری لەسەر دەرەوەی وڵاتەکەی ئەو فەوزایەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دڕەندەتر و توندر بێت بەرامبەر ئەوانەی کە دوژمنی کۆماری ئیسلامی ئێڕانن، وەک ئیسڕائیل و گروپەکانی تر، ئەم فەوزایە ئەگەری هەیە وابکات بڕیاری هەڵە وەربگرن، چونکە ڕەئیسی خاوەن ئەزمون بوو، بەڵام ئەوانەی دوای ئەو دێن ئەزمونیان وەک ئەو نییە و توندڕەوترن."

دەشڵێت "ئەوەی لە دوای ڕەئیسی دێت جێی نیگەرانییە و ئیجابی نییە لەبەر کەم ئەزمونیان، جێگرەوەکانی ڕەئیسی و حسین عەبدوڵا للهییان لە ڕووی ناوخۆیی ئێرانەوە زیاتر دۆخەکە بەرەو تەقینەوە و شڵەژان دەبەن، ئەمە نەک ویستی منە بەڵکو وای دەبینم ئەم قۆناغەی دوای ڕەئیسی دەبێتە کۆتا قۆناغی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حوکمڕانیدا."

دکتۆر عوسمان دەڵێت "ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە خراپەدا کردی بەرامبەر هەرێمی کوردستان هیچ سەرۆککۆمار و ڕژێمێک نەیکردبوو بەرامبەر بە میللەتی کورد، دادگای فیدراڵی بەکارهێنا کە ئەم هەرێمەی هەمانە لە ڕێگای ئەو دادگایەوە دەسەڵاتەکانی لێبسەننەوە، لە هەمان کاتدا دۆخێکییان دروستکردووە کە ئێمە لە ناو هەرێم حکومەتێکمان هەیە بەڵام لەو حکومەتە دوو ئاڕاستە هەیە، من دەڵێم نەمانی ئیبراهیم ڕەئیسی دەسکەوتێکە بۆ میللەتانی ئێران بە تایبەتی میللەتی کورد، وە بە تایبەت تر هەرێمی کوردستان."

عومەر ئیلخانی زادە:

عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

"خەڵکی کورد مردنی ڕەئیسییان زۆر پێ خۆشبوو، چونکە یەکێک بو لە قەساب و جەلادەکانی ساڵی(١٩٦٧)ی ئێرانی(١٩٨٨ز)، وە بە جەلادی تاران و کۆمەڵکوژی بەناوبانگە، یەکێک بوو لەو کەسانەی لەسەر کوردستان زۆر توند بوو، بەگژ خەڵکی کوردستاندا چووەوە، مردنی ڕەئیسی جارێکی تر خاڵی لاوازی شانۆ و نمایشی ناکارامەیی و بێ لیاقەتی ئێرانی پیشان دا، هەروەک لەوەی ماوەیەک لەوەو پێش بە سەدان درۆن و موشەکی گرتە ئیسڕائیل بەڵام دوانیان گەیشتنە ئیسڕائیل، ئەم جارەش دەریخست کە ئێران ناتوانێت پارێزگاری لە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە و بەرپرسەکانی بکات."

جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت "من پێموایە مردنی ڕەئیسی هیچ شتێک لە سیستمی ڕژێمی ئێران و سیستمەکەی ناگۆڕێت چونکە ڕەئیسی ناوەندی بڕیار نەبوو، وە ئەوەی دوای ئەویش بێت هەر لە بازنەی دارودەستەی خامەنەییە و هەمان سیاسەت پەیڕەودەکات، بەڵام ئەو دەسەڵاتە لە بەربەرەکانیدایە لەگەڵ خەڵک، ئەو ڕووداوە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی تری ئێرانی بۆ خەڵک دەرخست کە هێز دەداتە خەڵکی ئێران. ئاخر ئەو ئێرانەی باس دەکرا لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە ئەوەتا دوای شانزە کاتژمێر درۆنی تورکی دێت لاشەی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە و بەرپرسەکانی بۆ دەدۆزێتەوە."

دەشڵێت "ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە ناو خۆی و عەقڵی دەسەڵاتیدا کلۆر بووە، هەر ئەوەی کە دەوترێت لەناوچونی ڕەئیسی پەیوەندی بە ململانێ لەگەڵ کوڕەکەی ڕەهبەر هەبووە نیشانی دەدا چەندە ئەو ڕژێمە کلۆرە، مەرگی دیکتاتۆرێکی قەسابی وەک ڕەئیسی دەرفەتێکی تر بوو بۆ دەرخستنی کلۆری و خاڵی لاوازی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش خاڵێکی تری لاوازی کۆماری ئیسلامی دەردەخات. خەڵک بە ساردوسڕتر لەوەی ئەنجومەن بەشدار دەبن."

کۆشان عەلی زەمان:

کۆشان عەلی زەمان، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
کۆشان عەلی زەمان، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

"بەدڵنیایی ئێران بە تەنها بریتی نییە لەو سنوورە جوگرافیەی هەیە، بەڵکو ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆڵی هەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لەو وڵاتە کاریگەری دەبێت لەسەر ناوخۆ و دەرەوە، هەرچەندە لە ئێران دەوڵەتی قوڵ هەیە دەسەڵات و بڕیارەکان لای کەسی سەرۆککۆمار یان وەزیری دەرەوە نییە، بەڵام خودی ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەش دوو کەسایەتی گرنگی ئێرانن، هەرچەندە گەلی ئێران وادەردەکەوێت بڕوای بە گۆڕانکاری نەماوە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بەڵام هێز و پێگەی موحافزکارەکان هەتا دێت لە وڵاتەدا بەهێزتر دەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەوان زاڵ دەبن بەسەر پێگە و سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، ئەوەی دەکرێت لە ئێران هەڵبژاردنێکی کارتۆنی لە نێوان چەند کاندیدێکی پارێزکارەکان بەڕێوەبچێت، ئەوەی وەک مەترسی بەدی دەکرێت سەرکردەیەک بێتە پێش کە خاوەن ئەزمونێکی کەم بێت، وە ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئایا سیاسەتی دەرەوەی ئێران چۆن دەبێت؟ ئەوە یەکێکە لەو مەترسیانە کەپێشبینی دەکرێت."

کۆشان عەلی زەمان دەشڵێت "وەک ئەگەرێکی دوور کە دەیبینم کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەنگە بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو دۆخە و تەقینەوە نێوخۆییەکانی جەماوەر بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕیفۆرمخوازەکان بهێنێتەوە پێش، ئەویش بۆ ئەوەی سیستمەکە ڕزگار بکات و خەڵک ئومێدێک بەو ڕژێمەدا هەڵبواسێت، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕوی نەدا بە پێچەوانەوە خەڵکی توندڕەوتر و موحافزکارتر هات لە دوای ڕەئیسی، ئەوا چارەنووسێکی باش چاوەڕێیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ناکات، بەڵام هێنانە پێشەوەی ڕیفۆرمخوازەکان وەک یەکێکە لە ڕێگاکانی دەربازبوون بەڵام ئایا دەوڵەتی قوڵ ئەوە قبوڵ دەکات؟ یان هەر بڕوای بە زەبروزەنگ هەیە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی؟!

XS
SM
MD
LG