وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەین کە باس لە ئەگەری نیشتنەوەی سەختی هێلیکۆپتەرێک دەکەن کە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵگرتووە."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە لە ئێستادا هیچ لێدوانێکی زیاتری لەسەر ئەم بابەتە ناتوانین بدەین.
هەر لە پەیوەندی بەم ڕووداوەی ئێران، سەرۆک جۆو بایدن کۆتایی بە پشووی هەفتەی خۆی هێناو و گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی چاودێری هەواڵەکان بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسە هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوو لەو سەرنشینانەی ئەو هێلیکۆپتەرەن کە لە ناوچە دارستانییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات تووشی ڕووداو بووە و چارەنووسی تاکو ئێستا دیار نییە.
چەند کاتژمێرێک بەسەر بڵاوبوونەوەی یەکەمین هەواڵەکان سەبارەت بە ڕووداوی هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی تێدەپەڕێت، بەڵام میدیاکان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە هێشتا شوێنی ئەگەری کەوتنەخوارەوەی ئەو کۆپتەرە نەدۆزراوەتەوە.
بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستی ئێران ڕاگەیاند، "ناوچەکە زۆر تەم و مژاوییە" و هەر بۆیەش گەڕان بەدوای کۆپتەرەکەدا "بە سەختی" بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە ناوچەیەکی نزیکی ڕووداوەکەوە ڕاپۆرتی داوە کە "سەختی شوێنەکە و بوونی تەم و بارانێکی بەخۆڕ" وایکردووە تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری نەتوانن کۆپتەرەکە بدۆزنەوە.
هەروەها هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەی گەڕانەکە لەگەڵ تاریکبووندا قورستر دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنییە حکومییەکانی ئێران لە کاتژمێرێک لەمەوبەرەوە وێنەی ڕاستەوخۆی ئامادەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیانی ئێران لە شوێنە ئایینییە شیعەکان لە مەشهەد، قوم، ڕەی و شیراز بڵاو دەکەنەوە کە بە گوتەی ئەو میدیایانە، دووعا و نزای سڵامەتی بۆ سەرۆککۆماری ئێران و تیمەکەی دەکەن.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا