Accessibility links

یەكێتی ئەوروپا داوا لە ئیسرائیل دەکات ئۆپەراسیۆنی سەر ڕەفەح ڕابگرێت


یەکێتیی ئەوروپا داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە بهێنێت و دەڵێت کە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵمەتەکانی هاوکارییە مرۆییەکان پەک دەخات و ئاوارەیی و برسێتی و مەینەتی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بەیاننامەکەی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بە مافی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەڵام دەڵێت ئیسرائیل دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو بکات و هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزێت.

بۆرێڵ ڕۆژی چوارشەممە ڕایشیگەیاند" یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئیسرائیل دەکات کە خۆی لە خراپترکردنی زیاتری دۆخی مرۆیی ترسناک لە غەززە بە دوور بگرێت خاڵی سنووری ڕەفەح بکاتەوە." گوتیشی "ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ڕەفەح، بە ناچاری فشارێکی قورس دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئیسرائیلدا."

هەروەها بۆرێل داوای لە حەماس کردووە بەبێ مەرج هەموو ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە لە غەززە ڕاگیراون.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر نزیکەی 80 ئامانج لە سەرانسەری کەرتی غەززە ئەنجامداوە، لە کاتێکدا یەکەکانی زەمینی لە لای ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح شەڕیان کردووە.

هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی باکووری غەززەش شەڕی دژی حەماسیان کردووە، ئەمەش دوای چوار مانگ لەوەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ژێرخانی ئەو گروپە توندڕەوەی لە ناوچەکەدا لەناوبردووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند نیگەرانییەکی زۆری هەیە لە پەرەسەندنی چالاکییە سەربازییەکان لە ڕەفەح و دەوروبەری لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئیسرائیلەوە، چونکە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 450 هەزار فەلەستینی بە ناچاری لەو ناوچەیە ئاوارە بوون.

فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەم پێشهاتانە ڕێگری کردن لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە مرۆییەکان زیاتر دەکەن و دۆخێکی کە خۆی لە خۆیدا ترسناکە خراپتر دەکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەمانکاتدا " حەماس بەردەوامە لە هێرشە مووشییە هەڕەمەکییەکانی. پێویستە لە هەموو کاتێکدا ڕێز لە خەڵکی مەدەنی بگیرێت و بپارێزرێت، لە ڕەفەح و شوێنەکانی دیکەی غەززە".

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی لە ڕەفەح چڕتر کردووەتەوە و هاوکات فەرمانی بە دانیشتووان کردووە بەشێک لە شارەکە چۆڵ بکەن. ئیسرائیل دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار ئەنجام دەدات بۆ لەناوبردنی ژێرخانی گروپی چەکداری حەماس بەدرێژایی سنووری غەززە لەگەڵ میسر.

حەق گوتی "ئێستا هیچ شوێنێک پارێزراو نییە" لە غەززە، هەروەها سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازەکەی بۆ ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێ و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان دووپات دەکاتەوە.

گوتیشی "داوا دەکات دەستبەجێ دەروازەی ڕەفەح بکرێتەوە و دەبێ دەستڕاگەیشتی مرۆیی بێ بەربەست لە سەرتاسەری غەززە هەبێت."

زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە پاش دەستپێکردنی شەڕەکەی ئیسرائیل و حەماس پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە.

حەق ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەک چەندین جار وتوومانە، پێویستە هەموو لایەنەکان لە هەموو کاتێکدا ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرن." ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت خەڵکی مەدەنی بپارێزرێن، و پێداویستییە سەرەکییەکانیان، لەوانەش خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، ئاو و تەندروستیان بۆدابین بکرێت."

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی دیکە داوایان لە ئیسرائیل کردووە خۆی لە هێرشێکی تەواو لە ڕەفەح بەدوور بگرێت و هۆشداریشیان داوە لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لەوێ. بەڵام سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن، بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەهێشتنی حەماس وەک هەڕەشەیەک لە غەززە، هێرشکردن پێویستە.

لێکۆڵێنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەرگی کارمەندەکانی

ڕۆژی دووشەممە لە غەززە، هاووڵاتییەکی هیندی کە لە بەشی سەلامەتی و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (DSS) کاری دەکرد، گیانی لەدەستدا، و کارمەندێکی دیکەش بریندار بوو، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان کە ئاماژەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لەسەر بووە لە ڕێگای نەخۆشخانەی ئەوروپای ڕەفەح گڕی گرت.

حەق ڕۆژی سێشەممە ناسنامەی ئەو کارمەندەی کوژراوی بە ناوی وایبهاڤ ئەنیل کال ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکرد، ژنە ئەفسەرێکی ئاسایشی ئوردنیش بریندار بووە و لە دەرەوەی غەززە چارەسەری بۆ دەکرێت.

حەق گوتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستەیەکی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی دامەزراندووە " هێشتا زۆر زووە بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وردەکاری ڕووداوەکە و هێشتا لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی تا ئێستا دەیزانن ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێدەچێت چەکێک کاریگەری لەسەر پشتی ئۆتۆمبێلەکەیان هەبووبێت. وتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە بەهۆی تەقەی تانکەکانی ئیسرائیلەوە بووە.

شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بووە هۆی گرتنی نزیکەی 250 بارمتە، بەپێی وتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل.

بە پێی وەزارەتی تەندروستی غەززەش بەهۆی هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە زیاتر لە 35 هەزار فەلەستینی کوژراون کە بریتییە لە خەڵکی سڤیل و چەکدارانی حەماسیش، بەڵام دەڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون. ئیسرائیل دەڵێت زیاتر لە 14 هەزار ملیتان و نزیکەی 16 هەزار سڤیل کوژراون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ئەی پی و ڕۆیتەرز وەرگیراوە، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان مارگرێت بشیریش هاوکاری کردووە لە نوسینی ڕاپۆرتەکە.

XS
SM
MD
LG