Accessibility links

هیندستان بەرگری لە گرێبەستێکی بەندەری لەگەڵ ئێران دەکات دوای هۆشداریی ئەمەریکا


بەندەری چابەهار لە ئێران
بەندەری چابەهار لە ئێران

وەزیری دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند وڵاتەکەی کار لەسەر گەیاندنی قازانجەکانی پرۆژەیەکی ستراتیژی بەندەر لە ئێران دەکات، ئەمەش پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو کۆمپانیا هیندیانەی کار لەسەر پرۆژەکە دەکەن مەترسی سزایان لەسەرە.

ئێران و هیندستان لەم هەفتەیەدا گرێبەستێکیان واژۆ کرد بۆ پەرەپێدان و ئامادەکردنی بەندەری چابەهار لە ڕێککەوتنێکدا کە دەشێت دەستڕاگەیشتنی نیودهلی بۆ دە ساڵ بەو بەندەرە مسۆگەر بکات لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی هەوڵی پەرەپێدانی بازرگانی دەدات لە ڕۆژئاوا و ناوەندی ئاسیا.

واشنتن پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ هیندستاندا هەیە بەڵام بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکی دژبەری درێژخایەنی لەگەڵ ئێراندا هەیە، کە بەهۆی پشتیوانی تاران لە حەماس لە شەڕەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زیاتریش بووە.

ئێوارەی سێشەممە لە ئاهەنگێکی گشتیدا لە شاری کۆلکەتا وەزیری دەرەوەی هیندستان، س. جیاشەنکەر گوتی " ئەمە پەیوەندی بە جۆری مامەڵەکردن و قەناعەتپێکردنەوە هەیە کارێک بکەیت خەڵکی لەوە تێبگەن ئەمە بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەکە."

گوتیشی " ئەگەر بڕوانیتە هەڵوێستی خودی ئەمەریکا لەسەر چابەهار لە ڕابردوودا، ئەمەریکا درکی بەو ڕاستییە کردووە کە چابەهار گرنگییەکی گەورەتری هەیە."

ئەمەریکا بە ناڕەزاییەوە پڕۆژەی بەندەرەکەی قبوڵ کردبوو لەکاتێکدا سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان بوو، چونکە نیودهلی وەک هاوبەشێکی بەنرخ دەبینی بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی کابول کە لە ساڵی 2021دا ڕووخا.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە هۆشداری دا لەوەی کۆمپانیا هیندییەکان کە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن مەترسی سزاکانی ئەمەریکایان لەسەرە.

ڤێدانت پاتێل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی"هەر لایەنێک -- هەر کەسێک -- کە پەیوەندی بە گرێبەستە بازرگانییەکانەوە هەبێت لەگەڵ ئێراندا، پێویستە ئەوە بزانێت کە ئەگەری مەترسی بە ڕووی خۆیدا دەکاتەوە."

گرێبەستەکە کە لەم هەفتەیەدا واژۆ کراوە وا دەکات کۆمپانیای هیندستان پۆرتس گڵۆباڵ لیمیتەد (IPGL) بە بڕی 370 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان بکات لە "دابینکردنی ئامێری ستراتیژی" و "پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوەی بەندەرەکە" لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا.

هیندستان لە ساڵی 2016 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینکردنی دارایی بۆ پەرەپێدانی بەندەری ئێران وەک ناوەندێکی بازرگانی بۆ ئاسیای ناوەڕاست.

لە ساڵی 2019 پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی پرۆژەکە دوای سەردانێکی جەیاشەنکەر بۆ تاران.

بەندەری چابەهار لەسەر زەریای هیندییە و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای سنووری پاکستانەوە دوورە. پاکستان کە ڕکابەری مێژوویی هیندستانە، بە پاڵپشتی چین پەرە بە بەندەری گوادەر دەدات.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG