پەرلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە گۆڕانکاری لە کاتژمێرەکانی کارکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتدا کرد کە 40 کاتژمێری کارکردنی لە هەفتەیەکدا پەسەند کرد و ڕۆژانی هەینی و شەممەشی وەک پشوی کۆتایی هەفتە پەسەند کرد.
یاساکە کە هێشتا پێویستی بە پەسەندکردن لەلایەن شورای نیگەهبانەوە هەیە، کاتژمێری کارکردنی ئێستای هەفتە دەگۆڕێت کە 44 کاتژمێرە و پێنجشەممان تەنها چوار کاتژمێر کاردەکرێت و هەینیش ڕۆژی پشووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا ڕایگەیاندووە ئەو گۆڕانکارییە مشتومڕێکی زۆری لەسەر بووە و 136 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێیان پێداوە و 66 پەرلەمانتاریش نەخێر و سێ پەرلەمانتاریش دەنگیان نەداوە.
ئابوریناسان هۆشدارییان دابوو کە کۆتایی هەفتەی پێنجشەممە-هەینی مەترسی قووڵبوونەوەی گۆشەگیریی ئێران زیاتر دەکات بە سنووردارکردنی زۆربەی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا.
هەروەها هەندێک لە پیاوانی ئایینی ڕەخنەیان لە لایەنگرانی کۆتایی هەفتەی هەینی-شەممە گرتووە و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی ئەمەیان لە نەریتی جووەکان و کرستیانەکانی جیهانی ڕۆژئاوا وەرگرتووە.
پەرلەمانتار موحسین پیرهادی ڕۆژی چوارشەممە بە پەرلەمانی ڕاگەیاند، ئایەتوڵڵا جەوادی ئامۆلی، پیاوی ئایینی پێشەنگی شیعەکان هیچ ناڕەزایەتییەکی بەرامبەر بە ڕۆژی شەممە وەک ڕۆژی کۆتایی هەفتە نەخستووەتەڕوو.
سەرچاوە: فرانس پرێس