Accessibility links

سەرچاوەکان: گروپێکی چەکداری عێراقی لە سوریا دەکرێتە ئامانج


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و گروپی لایەنگری ئێران ڕایانگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا سەرلەبەیانی پێنجشەممە، دامەزراوەکانی سەر بە بزووتنەوەی چەکداری ئەلنوجەبای عێراقی کردووەتە ئامانج، دیمەشقیش دەڵێت، هێرش کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی نەناسراو.

لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011وە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی لە ناو سوریا ئەنجامداوە و بە شێوەیەکی سەرەکی دژی پێگەی سوپا و چەکدارانی سەر بە ئێران.

بەڵام هێرشەکان دوای شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە کەرتی غەززە کە لە 7ی مانگی دەوە پاش هێرشێکی گروپەکە بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئیسرائیل هێرشەکانی زیاتر کردووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوەندێکی ڕۆشنبیری" و "دامەزراوەیەکی مەشق و ڕاهێنان"ی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی لە ناوچەی سەیددە زەینەب لە باشوری دیمەشق کردە ئامانج.

بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕوانگەیەی بنکەی لە بەریتانیایە و پشت بە تۆڕێک سەرچاوە دەبەستێت لە ناوخۆی سوریا، سێ ئەندامی ئەو گروپە برینداربوون.

سەرچاوەیەکی لایەنی عێراقی، بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت ڕایگەیاندووە "ناوەندێکی ڕۆشنبیری" سەر بە گروپەکە لە هێرشەکەی "ئیسرائیل"دا وێران کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت نوجەبا "لە سوریا بنکەیەکی سەربازی ڕاگەیەندراوی نییە".

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاندووە، "نزیکەی کاتژمێر 3:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیلی دوژمن هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای داگیرکراوەوە دەستپێکردووە و باڵەخانەیەکی لە لادێکانی دەوروبەری دیمەشق کردە ئامانج".

لە بەیاننامەکەدا کە لە میدیای دەوڵەتی سوریا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکە "هەندێک زیانی دارایی" لێکەوتووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەشێک لە مووشەکەکانیان خستۆتە خوارەوە.

ناوچەی سەیدە زەینەب شوێنی مەزارگەیەکی گرنگی شیعە ئاینزاکانە کە لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی ئێرانەوە دەپارێزرێت، لەنێویاندا حزبوڵای لوبنان.

بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە هاوپەیمانییەکی لایەنگری ئێران لە عێراق، کە واشنتن تۆمەتباریان دەکات بە چەندین هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر سوریا دەدات، بەڵام چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنە سەرسەختەکەی پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا فراوانتر بکات.

لە سەرەتای مانگی چواری ئەم ساڵ کۆنسۆڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کرایە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی کە ئیسرائیلی پێتۆمەتبارکراوە، لەو هێرشەدا حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران کە دوانیان پلەی ژەنەڕاڵیان هەبوو.

ئەو هێرشە وای کرد ئێران لە 13ی مانگی چواردا بۆ یەکەمجار هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات کە گرژییەکانی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG