Accessibility links

کۆمپانیای ئەسترازینێکا بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕادەگرێت


کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازینێکا ڕایدەگەیەنێت بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان ڕادەگرێت و ئەوەش لە بازاڕەکاندا ماوە، هەمووی کۆ دەکاتەوە.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بڕیارەکە تەنها پەیوەندی بە پرسی بازرگانییەوە هەیە و بەرهەمە نوێیەکان کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا پەرەی پێدراوە، جێگەی ئەو ڤاکسینەکەیان لە بازاڕەکاندا گرتووەتەوە.

ڤاکسینی ئەسترازینێکا یەکێک بوو لە یەکەمین ڤاکسینەکان کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا بەرهەم هێنرا و بەگوێرەی ئەم کۆمپانیایە تا ئێستا زیاتر لە 3 ملیار ژەم بەرهەم هێنراوە و لە جیهاندا دابەش کراوە.

پێشبینی دەکرێت ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ئەسترازینێکا لە ماوەی پەتاکەدا ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگارکردبێت، بەڵام نیگەرانی هەبووە سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی، لەنێویاندا دروستبوونی مەینی خوێنی کوشندە لە جەستەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، کۆمپانیای دەرمانسازی بەریتانیایی-سویدی پێشتر لە دادگا دانی بەوەدانابوو کە ڤاکسینەکە دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەکانی وەک خوێن مەین و کەمبوونەوەی ژمارەی پلاکتەکانی خوێن و ئەمەش ژیانی هەندێک کەس دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها لە ئێستادا کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی چەندین داوای یاسایی بووەتەوە سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا.

بەشێک لەوانەی سکاڵایان دژی ئەو کۆمپانیایە تۆمار کردووە، باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەم ڤاکسینە کەسوکاریان لەدەستداوە، هەندێکی تریش باس لەوە دەکەن کە بەهۆیەوە زیانی گەورەی تەندروستیان بەرکەوتووە.

لە بەیاننامەکەی کۆمپانیای ئەسترازینێکا، کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڤاکسینی کۆمپانیاکە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە کۆتاییهێنان بە پەتای جیهانی کۆڕۆنا و دەڵێت "هەڵسەنگاندنە سەربەخۆکان مەزەندەیان کردووە کە ڤاکسینەکە تەنها لە ساڵی یەکەمی پەتاکەدا ژیانی 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسی ڕزگارکردووە".

هەواڵی وەستاندنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی ئەسترازینیکا لەکاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە هەندێک وڵات پێشتر کڕین و بەکارهێنانیان ڕاگرتبوو.

دەوترێت پێشنیارە پزیشکییە فەرمییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم ڤاکسینە چەند جارێک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

لە مانگی شەشی ساڵی 2022دا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بۆ کەسانی تەمەن 18 ساڵ و سەرووتر، سەلامەت و کاریگەرە. لە 7ی مانگی چواری ساڵی 2021، لیژنەی هاوبەشی کوتان و بەرگری پێشنیاری کرد کە گەورەساڵانی تەمەن 30 ساڵ و سەرووتر ڤاکسینێکی تر جگە لە ئاسترازینێکا وەربگرن دوای ئەوەی ڕاپۆرتیان پێگەیشت کە حاڵەتی زۆر دەگمەنی خوێن مەین لە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکدا ڕوویداوە.

پەتای جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2019 لە چینەوە بڵاوبووەوە و بە ملیۆنان قوربانی لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هێشتا مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە ماوە و 15%ی زانایانی دیاری پزیشکی لەسەر ئەو بۆچوونەن کە ئەگەری هەیە جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا جارێکی دیکە ببێتە هۆی پەتایەک لە جیهاندا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG