Accessibility links

دادگای باڵای عێراق و ڕێگەی دورودرێژی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان


جارێکی تریش دادگای باڵای عێراق گۆمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی شڵەقاندەوە.

دادگای فێدراڵی، ڕۆژی سێشەممە بڕیاری ڕاگرتنی کاتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی داوە پاش ئەو داوا تانە ئامێزەی سەرۆکی کابینەی نۆی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵا تۆماریکرد.

دادوەر و یاسا ناسێکی دێرین، مەخابنی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر دادگای باڵای عێراق؛ وەک باسی دەکات کە پرەنسیپی سەرەکیی پێکهێنانی ئەو دادگایە لەسەر بنەمای بەش بەشێنەی ئاینزایی و نەژادی بووە.

شێخ لەتیف شێخ تەها، دادوەری خانەنشین دەڵێت "نەک وەکو دادگایەکی دەستوریی باڵا بۆ پاراستنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەبەجێکردن و دادوەریی بێت، یان پارێزەری هەموو بەندەکانی دەستوری وڵات بێت بە مەبەستی پاراستنی پێرۆزیی دەستور و پاراستنی گەل و دیموکراتی و سەروەری بۆ عێراق. لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نییە پاراستن و جێگیرکردنی بەندەکانی دەستور لەسەر بنچینەی بەشبەشێنەی سیاسی و نەژادی و ئاینزایی بێت."

پوختەی داوا تانە ئامێزەکەی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە ڕێسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم لەگەڵ دەستوری عێراقدا ناتەبایە و ناگونجێت لەو ڕوانگەیەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دەستنیشان دەکرێت نەک بەپێی ژمارەی دەنگدەر. هەروەها بارزانی داوای کۆتای کەمایەتییەکانیش دەکات.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت "هەتا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلادەبێتەوە کە لەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، کارەکانی کۆمیسیۆن ڕادەگیرێن."

شێخ لەتیف، دادوەری خانەنشین دەڵێت "بڕیارەکەی ڕۆژی سێشەممەی دادگای باڵای عێراق، لە یاسادا بە فرمانی وەلائی ناودێر دەکرێت(فرمانی وەلائی واتە بڕیارێکی کاتیی) ئەم جۆرە فرمانەش کە دەدرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورەیە وەک هەڵبژاردن و بڕیاردان لەسەر بژێوی ژیان و ئەو کارانەی لە دامەزراوەکانی تردا دەکرێن، ئەو بڕیارەی ڕۆژی سێشەممەی دادگای باڵا بە کارێکی باش دەزانم هەتا ڕەوشەکە زیاتر تێکنەچێت، چونکە پێکهاتەکانیش وەک بەشێک لە هەرێمی کوردستانی پێویستە مافەکانیان پارێزراو بێت و نابێت بێبەش بن لە مافەکانیان. لەوبڕوایەشدام پاش دانانی ڕێکارە یاساییەکان، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکرێت."

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بڕیارەکەی دادگا زەمینەی یاسایی هەیە چونکە ئەو بڕیارە چوارچێوەی دەستوریی و یاسایی خۆیی هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری بابەتەکە، چارەسەرییەکی سیاسییە لەو ڕوانگەیەوەی بەشێکە لەو تێگەیشتنانەی لە نێوان لایەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە نێوان دوو هێزە فەرمانڕەواکەی هەرێمی کوردستاندا."

ئەم ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق وەک دەڵێت بەشیکی بڕیارەکە سیاسییە چونکە "دەخوازرێت بەر لە بڕیارێکی پێشتر بگرێت. چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێم، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگە لە هەڵبژاردن بگرێت، ئەوە بە هەنگاوێکی نادەستوری دادەنرێت و ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی دەستوری دەبێتەوە و هەنگاوی دواتر هەڵوەشاندنەوەی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبوو."

بەپێی لێدوانی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان "دادگای فێدراڵی زۆر بە خێرایی بڕیاری لە بارەی کاری کۆمیسیۆن داوە و یەکێتی سکاڵای تۆمار کردووە و تانەی لە بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن داوە."

بەشێک لە شیکەرەوە لەو بڕوایەدان ئەو فرمانە وەلائیەی دادگای باڵای عێراق، جۆرێکە لە پاشگەزبوونەوەی دادگا لە بڕیارەکانی پێشووتری لەسەر هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان.

سەرکەوت شەمسەدین دەڵێت "ئەو بڕیارەی ڕۆژی سێشەممەی دادگا، پاشگەزبوونەوە نییە لە بڕیارەکانی پێشووی، بەڵکو بەشێکە لە ڕێکارەکانی دادگا خۆی کاتێک تانە لە بڕیارێکی دەدرێت، یانیش کاتێک کەسێک داوای یاسایی تۆمار دەکات لەسەر بڕگەیەکی ڕێساکانی کۆمیسیۆن.ئەم هەوڵەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەو چوارچێوەیەدایە و دۆزینەوەی دەروازەیەکی دەستورییە بۆ تانەدان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان چونکە خۆی وەک زیانلێکەوتوویەک دەبینێت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا."

سەرکەوت شەمسەدین، لەوبڕوایەدایە کە هەڵبژاردن لە مانگی شەشی داهاتوودا ناکرێت، بەڵام دەشڵێت "دەرفەتێکی کاتییە بۆ لایەنەکانی هەرێم تا بگەنە ڕێککەوتنێک، تەنها لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی کۆمیسیۆندا بۆ زیادکردن یان کەم کردنەوەی کورسییەکان لە هەندێک لە بازنەکاندا و دواتریش دۆسێی کۆتاکان، بەڵام ئەمانە نابنە مایەی گۆڕانکاری گەورە و داوتریش پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی تریش ناچار دەبن مامەڵە لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دادگای باڵای عێراقدا بکەن."

بەلای سەرکەوت شەمسەدینەوە، تۆمارکردنی داوا و تانە یاساییەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە و دەڵێت "پێشتر پارتی دیموکرات و لایەنی تریش پەنایان بۆ چەک و دیفاکتۆ بردووە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر دامەزراوەکانی هەرێمدا، بێگومان ئەوانە ئەو هەنگاوانەن کە شکستیان بە دیموکراتی هێنا لە هەرێمدا؛ ئەوەی ئێستا پەنا دەبرێتە بەر دادگای فێدراڵی لە بەغدا کە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات، هەنگاوێکی باشە و سەرەتایەکیشە بۆ ململانێی دیموکراتیانە، هەنگاوێکی گرنگە بەو ئاڕاستەیەی کە دامەزراوەیەک هەیە لە سەروی هەرێمی کوردستانەوە کە دەتوانێت چاودێریی هەرێم بکات و لێپێچینەوەیشی لەگەڵدا بکات و دەتوانێت هەنگاوە نادەستورییەکانیشی ڕابگرێت."

شێخ لەتیف شێخ تەها، سەرۆکی پێشووی دادگای تەمیز لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "عێراق وڵاتێکە لە وڵاتە دێرینەکانی جیهان و خاوەنی شارستانی و فەرهەنگ و یاسای ئاسمانی و زەمینی بووە، بەڵام جێی داخە کە دەستور و یاساکان وەک خۆیان جێبەجێناکرێن، وەک پێشینان وتوویانە (جێبەجێکردن، گۆڕستانی خەونەکانە) و ئیتر هەموو خوێندەوارێک دەزانن ئەوە یانی چی."

لە پاش ساڵی 1992ەوە خەڵک لە هەرێمی کوردستان وەک خەڵک خۆیان دەڵێن، دەخوازن بەشداری لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوادا بکەن و گرنگیی دەنگدانەکانی خۆیان ببیننەوە لە دامەزارواەکانی هەرێمدا، ئێستاش ئەم هەموو شڵەقاندنەی گۆمی هەڵبژاردن، پرسیارگەل و گومانێکی زۆری لای خەڵک دروستکردووە سەبارەت بە ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا لە هەرێمەکەیاندا.

XS
SM
MD
LG