Accessibility links

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئێران پێویستە کۆتایی بە "شەڕی ژنان" بهێنێت و یاساکانی حیجابی زۆرەملێ هەڵبوەشێنێتەوە


ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات بە هەڵوەشاندنەوەی یاسا و ڕیساکانی حیجابی زۆرەملێ، کۆتایی بە سزادانی ژنان و کچانی ئێرانی بە هۆی سەرپێچیان لەو یاسایانە بهێنێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە و ڕۆژی چوارشەممە، 8ی مانگی پێنج بڵاویکردووەتەوە، داوای کردووە کە هەموو ئەو کەسانەی بە هۆی سەرپێچیکردن لە حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەرکراون، "بێ مەرج" ئازاد بکرێن.

ئەم ڕێکخراوە هەروەها داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە کە ئەو هێزە حکوومەتییە هەڵبوەشێنێتەوە کە ئەرکی جێبەجێکردنی یاسا زۆرەملێکانی حیجابیان پێ سپێردراوە و لێپرسینەوە لە کەسانی تێوەگلاو لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بکەن.

ئەم ڕێکخراوەیە بە ئاماژەدان بە جێبەجێکردنی ئەو هەڵمەتە سەرتاسەرییەی کە بە "پلانی ڕووناکی"(تەرحی نور) ناسراوە کە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بە "جەنگی دژی ژنان" ناوی دەبەن، ڕایگەیاندووە کە کردەوەی توندوتیژانە دژی ژنان بەهۆی پابەندنەبوونیان بە حیجابی زۆرەملێوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەشڵێت "ژنان هەروەها ڕاپۆرتیان داوە کە ئەفسەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی دەستگیرکردنیان ئامێری تەزووی کارەبایان لێداون و ڕووبەڕووی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل و غەرامە بوونەتەوە."

ئەم ڕێکخراوە جیهانییە هەروەها بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان لە 8ی مانگی سێ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و بە ئاماژەدان بە شایەتی 46 کەس و بەدواداچوون بۆ بەڵگەنامە فەرمییەکان، لەوانەش حوکمی دادگا و فەرمانی داواکاری گشتی، باسی لە هەراسانکردن و گۆشەگیریکردنی ژنان و کچانی ئیران کردبوو لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتی ئێرانەوە بەهۆی داواکردنی مافەکانیان لەسەر جەستەی خۆیان و ئازادی ڕادەربڕین.

توندوتیژییەکان سەبارەت بە یاسا ئیجبارییەکانی حیجاب دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا، چڕتر بووەتەوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەیەک پیش ئیستا لە وتاری نوێژی جەژنی ڕەمەزاندا لە فەرمانێکی نوێیدا داوای لە هێزەکانی پۆلیس کرد "مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکارانی نۆرمە ئایینیەکاندا بکەن".

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 13ی مانگی چواری ئەمساڵ جێبەجێکردنی "پلانی ڕووناکی" راگەیاند و هێزەکانی پۆلیس و یەکپۆشی لە شەقامەکانی شارە جیاجیاکانی ئێراندا بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ ڕچاو ناکەن، جێگیر کرد ، بەڵام سەرەڕای ئەمە و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ژنان، خۆڕاگری مەدەنی لە دژی ئەم پلانە و پلانە هاوشێوەکانی لە ئێران بەردەوامە.

چڕبوونەوەی توندوتیژییەکان سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ، ڕەخنەی بەرفراوانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی ماوەیەک پێش ئێستا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە زیادبوونی سەرکوتکردنی ژنان لە ئێران بە هۆی نافەرمانیان لە ڕچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ، خوازیاری سەپاندنی سزای زیاتر بوو بۆ سەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

XS
SM
MD
LG