Accessibility links

خوێندکارانی لایەنگری فەلەستینییەکان، بەشێک لە زانکۆی ئەمستردام داگیر دەکەن


ڕۆژێک دوای پێکدادانی خوێندکاران و پۆلیس لە ئەمستردام، پایتەختی هۆڵەندا، میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە 8ی مانگی پێنج بڵاویانکردەوە کە خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان یەکێک لە کەمپەکانی زانکۆی ئەمستردام (UvA)یان داگیرکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا پۆلیسی ئەمستردام ڕایگەیاند کە زانکۆی ئەمستردام داوای لە خۆپیشاندەران نەکردووە خۆپیشاندانەکە ڕابگرن و زانکۆی ئەمستردامیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئامادەن لەگەڵ ئەو خوێندکارانەی کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین، گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک و ئاماژەی بەوەشکردووە ناڕەزایەتییەکان زیانێکی بەرچاویان بە بیناکانی زانکۆکان گەیاندووە.

زانکۆکە ڕۆژی چوارشەممە چەند شوێنێکی بەهۆی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە داخست.

هاوکات زانکۆی ئۆترێخت کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باشووری ئەمستردامەوە دوورە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لەسەر داوای خۆیان پۆلیسی ناوچەکە کۆتایی بە خۆپیشاندانی لایەنگری فەلەستینییەکان لە کتێبخانەی زانکۆکەدا هێناوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکانی ئەمەریکا دژی شەڕی غەززە، زۆرێک لە زانکۆکانی ئەورووپاش، لەوانە فینلاند، دانیمارک، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە.

خوێندکارانی زانکۆکان داوای ئاگربەست و ڕاگرتنی یارمەتییەکانی حکومت دەکەن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی بەرپڕچدانەوە دژی حەماس و هەروەها داوا لە زانکۆکانیان دەکەن دەستبەرداری ئەو کۆمپانیایانە بن کە بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن یان بە شێوەیەکی تر بەشداری لە هەوڵەکانی جەنگدا دەکەن.

حەماس لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. دوای ئەوە ئیسرائیل بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس، هێرشێکی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ژێر دەسەڵاتی حەماس، تا ئێستا تێیدا زیاتر لە 34 هەزار و 500 فەلەستینی کوژراون کە نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەوانە ژن و منداڵ بوون.

بەشێک لەم هەواڵە لە ڕؤیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG