Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت ئێران لە ڕێگەی مالیزیاوە خۆی لە سزاکانی پەیوەست بە نەوت دەدزێتەوە


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە،7ی مانگی پێنج ڕایگەیاند ئەمەریکا زیادبوونی توانای ئێران بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی دەگەرێنێتەوە بۆ پشتبەستنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو کۆمپانیانەی کە بنکەکەیان لە مالیزیایە و هەروەها ئەم نەوتە لە نزیک ئاوەکانی سینگاپوور و ناوچەکانی دیکەوە دەگوازرێتەوە بۆ چین.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا هەوڵدەدات ڕێگری بکات لەوەی مالیزیا ببێتە "شوێنێکی دادوەری" ئەمەریکا کە بەشدارە لە دابینکردنی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ئێران و گروپە بە وەکالەتەکانی لەنێویاندا حەماس.

ئەو بەرپرسە گوتیشی "ئێمە نیگەرانین لە توانای حەماس بۆ کۆکردنەوەی پارە لە ناوچەکەدا، لەوانەش لە مالیزیا، بۆیە دەمانەوێت گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو نیگەرانیانە بکەین."

پێشتریش ڕاپۆرتی گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ ئاوەکانی مالیزیا و گۆڕینی مارکەکەی و ناردنی بۆ چین لەژێر ناوی نەوتی مالیزیا بڵاوکرابووە.

لە لایەکی دیکەوە هاوردەکردنی نەوتی چین لە مالیزیا بە بەراورد بە ماوەی پێش سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، زیاتر لە شەش هێندە زیادی کردووە.

ئاماری گومرگی چین دەریدەخات ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە زیاتر لە 1.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە مالیزیا هاوردە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدا کە کۆی بەرهەمی نەوتی مالیزیا خۆی تەنانەت ناگاتە 650 هەزار بەرمیل.

برایان نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا و نێڵ مەکبڕاید، ڕاوێژکاری گشتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ڕۆژی دووشەممە تا پێنجشەممە گەشتێکیان بۆ بۆ مالیزیا و سینگاپوور دەستپێکردووە و ڕایانگەیاندووە کە مەبەست لەو گەشتە ڕێگریکردنە لە دابینکردنی دارایی و داهاتی ئێران و گروپە بە وەکالەتەکانی.

گەشتەکەی نێڵسن و مەکبڕاید بۆ مالیزیا و سینگاپوور لە کاتێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سەرنجەکانی خۆی لەسەر دابینکردنی دارایی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ڕێگەی فرۆشتنی نایاسایی نەوتی ئێرانەوە زیاد کردووە.

شایانی باسە ئەمەریکا مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو سزای خستە سەر چوار کۆمپانیا کە بنکەکەیان لە مالیزیا بوو، بەهۆی ئەوەی گوایە پشتیوانیان لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران کردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG