Accessibility links

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە ئێران بەردەوامە؛ دەستگیرکردنی پێنج کەس لە پیرانشار


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ سەرەڕای راگەیاندنی دەستبەسەرکردنی پێنج کورد لە پیرانشار، باس لە شەپۆلی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی خەڵک دەکەن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن دامودەزگاکانی ئاسایشی ئێرانەوە.

ڕێکخراوەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو ڕایانگەیاندووە لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لەلایەن ناوەندەکانی ئاسایشەوە، پێنج کەسی خەڵکی پیرانشار ڕۆژی دووشەممە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ناوی پێنج کەسەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە سمەیە قادری، حسێن بایزیدی، محەمەد سۆڵتانی، محەمەد مورادی و هادی یوسف پوور.

هەنگاو و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندووە ئەو چەند کەسە بەبێ نیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادگا و بە شێوەی توندوتیژ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراون و تاکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کردنەکەیان و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان و شوێنی دەستبەسەربوونیان دیار نییە.

هەروەها لە هەواڵیکی دیکەدا ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە بە ناوی جەمشید چەرخکار و دەستبەسەریان کردووە. رێکخراوەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە هۆکاری دستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە تەمەن 55 سالەیە، چالاکییە ژینگەپارێزییەکانی بووە.

دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، چەند ڕۆژ پیش ئیستاش 14 کەسی خەڵکی شنۆ و چەند گوندێکی سەر بەو شارە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاویکردووەتەوە سەرەڕای پشتڕاسترکردنەوەی ناوی دەستبەسەربوان، رایگەیاند کە ئەو کەسانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و لە پێوەند بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، چالاکان و رێكخراوەکان ڕایانگەیاندووە چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی بەردین (حەمزە) جەعفەری، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشان تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دیار نییە.

بە گوێرەی هەواڵەکان ئەو هونەرمەندە کوردە، ڕۆژی هەینی3ی مانگی پێنج بەهۆی پێشکەشکردنی گۆرانی لە مەراسیمی نەورۆز لە لایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری گیەڵان دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە ناوەندە ئاسایشەکانی ئەو ئیدارەیە لە شاری کرماشان گواستراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG