Accessibility links

لە سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە


Sulaimaniyah
Sulaimaniyah

لە دوای نزیکەی دوو مانگ لە کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخەری خۆپیشاندەران بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن جارێکی تر بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپیشاندان ئەنجامدەدەنەوە.

زانا ڕاغب، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئامادەکاری و راوێژی پێویستمان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نوێ کردووە و لە یەک یان دوو ڕۆژی داهاتوودا شوێن و کات و میکانیزمی خۆپیشاندانەکە دەخەینە ڕوو."

وتیشی، "خۆپیشاندانەکە لەلایەک دژی دوا کەوتنی مووچەکانمانە و لە لایەکی تریش فشار دروستکردنە لەسەر حکومەت بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید، کە داوا دەکەین لە ڕێگەی ئەو دوو بانکەوە، مووچەکانمان بە نیشتمانی بکرێت."

سامان عەلی، یەکێکی تر لە سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە دەمانەوێت پەیامێک هەم بە عێراق بگەیەنین، هەم ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ئاڕاستە بکەین بە عێراق، چونکە سەردانی چەند بەرپرسێکی بەغداد دەکەین و داوا دەکەین ڕافیدەین و ڕەشید هەڵبژێرن بۆ ناردنی مووچەکانمان."

وتیشی، "دەمانەوێت خۆپیشاندانەکانمان بەردەوام بێت، نەک ڕۆژێک بێت و کۆتایی پێ بهێنین، بەردەوام دەبین تا ئەم دۆسیەیە دەگەیەنینە کەنارێکی ئارام."

ئەمە لە کاتێکدایە دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دووبارە ڕووبەڕووی دواکەوتن بووەوە و وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەڕێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە "جێگەی سەرسوڕمانە."

ئەمساڵ بە درێژترین ساڵی بایکۆتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، بەهۆی ئەوەی مامۆستایان لە هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان نزیکەی 6 مانگ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. بەڵام لە 2ی مانگی سێ دوا خۆپیشاندانی مامۆستایان بەڕێوەچوو و دواتر خوێندن دەستیپێکردەوە.

ئەمساڵ مامۆستایان نزیکەی 26 خۆپیشاندانیان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان ئەنجامدا. بەڵام خۆپیشاندانەکان وەستان، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی عێراق مانگی پێشوو هەردوو مووچەی مانگی دوو و سێی لەماوەی دوو هەفتەدا ڕەوانەکرد.

دوای چەندین دانیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم توانرا کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، دادگای فیدڕاڵیش بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەران بە نیشتیمانی بکرێت و لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات، بەڵام تەنها دوای دابەشکردنی سێ مووچە جارێکی تر مووچە دواکەوت و لە ئێستادا مووچەی مانگی چوار دابەش نەکراوە.

بەڵام لەگەڵ جارێکی تر دواکەوتنی مووچە، دەنگۆکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە لایەن مامۆستایانەوە سەرهەڵدەدەنەوە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندیکرد بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەوڵەکان بێئەنجام بوون.

سەبارەت بە چۆنیەتی خۆپیشاندانەکەی چەند ڕۆژی داهاتوو شێوازی فشاری ئەمجارەیان مامۆستایان دەڵێن بەردەوام دەبن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:31 0:00

XS
SM
MD
LG