Accessibility links

بارزانی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا کۆدەبێتەوە


ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنئەی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، تاران 6ی پێنجی 2024
ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنئەی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، تاران 6ی پێنجی 2024

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکی فەرمیدایە بۆ کۆماری ئیسرامی ئێران و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەدا کۆبووەوە.

بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا خامنەئیدا کۆبووەتەوە و جەختیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان کردووەتەوە.

پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ خامنەئی، بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیانیشدا کۆبووەوە.

ئاژانسی مهری ئێران دەڵێت سەردانەکەی بارزانی لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە کە گرنگییەکەی زیاتر دەکات. و دەشڵێت ئەم گەشتە زیاتر بە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، بەتایبەتی دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئێران بە موشەکی جۆری بالیستی هێرشیکردە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری شاری هەولێرە و بەوهۆیەوە خۆی و کچێکی و دوو کەسی تر کوژران. لەکاتێکدا لە ڕۆژی 13ی مانگی 3 ی ساڵی 2022ش ئێران بە هەمان تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ماڵی سەرمایەدارێکی تری شاری هەولێر بە ناوی شێخ باز.

لە مانگی 10ی ساڵی 2023شەوە و لەوکاتەوەی پاش هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەڵمەتی لەشکری ئیسرائیل دژی حەماس لە غەززە دەستی پێکرد، گروپە میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بە بیانووی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان، چەندین جار هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر شاری هەولێر.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، لەسەر کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم و شاندی یاوەری لەگەڵ وەزیری درەوەی ئێران حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان دەڵێت په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێراندا، تاوتوێ کراوە و ڕایشیگەیاندووە "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بايه‌خ و گرنگيى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان بۆ هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ و باسيان له‌ زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌ته‌كانى زيادكردنى جووڵه‌ و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكييه‌ ئابوورييه‌كان و كار و پرۆژه‌كانى كه‌رتى تايبه‌تى ئێرانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد."

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG