Accessibility links

کارگەیەکی مادەی هۆشبەر لە دەربەندیخان کریستاڵی بۆ وڵاتان ناردووە و بەهۆیەوە لیوایەکی خانەنیشین دەستگیرکرا


وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەردا لە نزیک قەزای دەربەندیخان، دەستیانگرتووە بەسەر 150 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا و کارگەکەشیان لەناوبردووە.

عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە سەربنەمای ئەو زانیاریانەی کە لە سوریاوە پێماندراوە، کارگەکەمان لەناوبردووە و چوار کەسیشمان دەستگیرکردووە."

لە چەند شەوی ڕابردوودا، هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لە گوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان دەستیان بەسەر کارگەیەکی مادەی هۆشبەردا گرت.

کارگەکە لە نێو کێڵگەیەکی پەلەوەردا بووە و بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، کارگەی بەرهەمێنانی کریستاڵ بووە، کە بە نهێنی کریستاڵ لەو کارگەیە بەرهەمهێنراوە و ڕەوانەی وڵاتان و ناوچەکانی عێراق کراوە.

سەرچاوەیەکی حکومی بەرپرس و ئاگادار لە ڕووداوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خاوەن کێڵگەکە کە کارگەکەی تێدابووە لەگەڵ سێ کەسی نزیکی دەستگیرکراون. خاوەن کێڵگەکە لیوایەکی پێشمەرگەی خانەنیشینە."

بەرپرسەکە وتیشی، "کارگەکە سەرەتا لەلایەن چەند کەسێکی سورییەوە و بە ناوی کارگەی شامپۆوە دانراوە. یەکێک لەو کەسە سورییانە بە ناوی ئەبو ڕێکان لە وڵاتەکەی خۆی دەستگیرکراوە و زانیاری لەبارەی کارگەکەوە داوەتە دەزگای هەواڵگیری سوریا، ئەوانیش عێراقییان ئاگادارکردووە و دواجار هێز نێردراوەتە سەر کارگەکە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەو هێزە هاوبەشەی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و سلێمانی کە چوونەتە سەر کارگەکە دوو ڕۆژ لە ناوچەکە ماونەتەوە و ناوچەکەیان پشکنیوە.

سەرچاوەکە وتی، " کەلوپەلی کارگەکە بۆ بەغدا گواستراوەتەوە و چوار دەستگیرکراوەکەش لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."

لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "هەزار پرسیار لە بارەی ئەو کارگەیەوە دروستبووە کە لە دەربەندیخان دەستی بەسەرداگیرا. کارگەکە کێ خاوەنیەتی و چۆن لەدەرەوەی ئاگایی دەزگا ئەمنییەکان پارچەکانی هاوردەکراوە؟ چەندێکە ئەم کارگە تلیاک بەرهەم دەهێنێت و چۆن پێی نەزانراوە؟"

دەشڵێت،"ئەم کارگەیە هی دەسەڵاتدارە و ئاشکرانەکردنی گومان و پرسیار دەخاتە سەر هەموو دەزگا ئەمنییەکانی ئەم سنورە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێک لە نێوانیان عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڵام هەوڵەکان بۆ دەستکەوتنی لێدوانی فەرمی بێئەنجام بوون.

دوێنێ شەممە، 4 ی مانگی 5 ی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی بازرگانێکی تری نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەری لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕاگەیاند، گوایە دەستگیرکراوەکە سێ کیلۆگرام و نیو مادەی هۆشبەرو چەندین پارچە چەکی هەڵگرتووە و لە سنوری نێوان عێراق و سوریا کاری بازرگانی مادەی هۆشبەری کردووە.

لەبارەی کارگە دەستبەسەرداگیراوەکەی سنوری دەربەندیخان، سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشوەخت ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە نەبووین، دواتر زانیمان ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراوە."

بەپێی ئامارێکی فەرمی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، نزیکەی 330 کەس بە تۆمەتی فرۆشتن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00
XS
SM
MD
LG