Accessibility links

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکات


سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی تاران دەکات.

هەریەک لە جێگرانی سەرۆک و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی و چەندین بەرپرسی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەی بارزانیدا دەبن.

بەپێی بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیدا کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن "ده‌رباره‌ى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى."

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێدایە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی قوڵ بۆتەوە. لەکاتێکدا پارتی دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە مانگی شەش ناکات تا ئەوکاتەی تێبینییەکانی لەبەرچاودەگیرێن، یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژرادن لە ڕۆژی 10ی مانگی شەش.

سەرەڕای کێشەکانی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان ناکۆکییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقیش سەبارەت بە پرسی مووچە و هەژماری من و وزە و داهاتە ناوخۆییەکان بەردەوامن.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارای و ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پرسی دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بە "سیاسی" لەقەڵەمدا و گومانی هەبوو لە ویستی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی چاوەڕوانکراوی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەمەریکا دوای بەشداریکردنی لە پرسەی شێخ تەحنون بن محەمەد ئەلنەهیان لە ئیماڕات.

نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی لە ڕاگەیێندراوێکیدا دەڵێت، "سەرۆک بافڵ لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لەناویاندا وەزارەتی دەرەوە، هاوکات کۆنگرێسی ئەمەریکا و ناوەندەکانی توێژینەوە ئەنجام دەدات."

XS
SM
MD
LG