Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تیشک دەخاتە سەر پێشێلکردنی مافی کورد لە تورکیا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە تورکیا کورد، پەنابەر، پێکهاتە نەتەوەیی-ئاینییەکانی وەک عەلەوی، ئەرمەنی، جوو، ژن و کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان، ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە و ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ڕێگرییان لێدەکرێت و دەستگیر دەکرێن.

ڕاپۆرتە ساڵانەکەی وەزارەتی درەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە 200 وڵاتانی جیهاندا، سەرنجی خستووەتە سەر ئەو پێشێلکارییانەی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی مانگی پێنجی 2023ی تورکیا ڕوویداوە، وەک سنووردارکردنی ئازادیی گردبوونەوە و کۆڕو کۆبوونەوە و بیروڕا دەربڕین.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بە ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان کردووە سەبارەت بە کوشتنی نایاسایی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکان و پۆلیس و پاسەوانانی زیندانەکانەوە لە تورکیا.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە زۆرێک لە هاووڵاتیانی مەدەنی کورد گیانیان لەدەستداوە؛ بەهۆی شەڕی حکومەت لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە تورکیا و ئەمەریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن و دەڵێت ئەو شەڕە " بە شێوەیەکی بێئەندازە کاریگەری لەسەر کورد هەبووە و پەکەکەش لە هێرشەکانیدا خەڵکی سیڤیل دەکاتە ئامانج."

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە چەندین هێرشیش لە دژی کورد دەکات کە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن گوایە بەهۆی ڕەگەزپەرستی بووە. دەشڵێت ڕێکخراوە سڤیلییەکان و لایەنە سیاسییەکانی کورد و لایەنگری کورد، بەردەوام ڕووبەڕووی گرفت بوونەتەوە لە ڕووی ئازادییەکانیان و ئازادی گردبوونەوە و ڕێکخستن. دەشڵێت " حکومەت قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە هەندێک ناوچەی زۆرینە کورددا ڕاگەیاند کە زۆربەی جار پەیوەست بوو بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لەوەش دەکات زیاتر لە 15 ملیۆن کورد لە تورکیا هەن و بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام کورد بەردەوام دووچاری پێشێلکاری و جیاکاری لە ڕووی بەکارهێنانی زمانی لە ژیانی ڕۆژانە و پەروەردەدا دەبێتەوە.

ئەرەن کەسکین، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا، دەڵێت ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە بۆ ڕێکخراو، بەرگریکاران و ئەوانەی کە دووچاری پێشێلکارییەکان دەبنەوە گەلێک گرنگن.

کەسکین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پێشێلکردنی مافەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی جارێکی تر ئاشکرا دەکرێن، بە بەڵگە دەکرێن و پشتڕاست دەکرێنەوە. بۆیە وەک ڕێکخراوە و کەسێک کە بۆ ئازادی مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشین ئەم ڕاپۆرتە بۆمان زۆر گرنگە."

کەسکین گوتیشی لە تورکیا کەس ناتوانێت باسی مافی مرۆڤ بکات "دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی واژۆیان کردووە مامەڵە دەکات، بەڵکو تەنانەت کاریش لەسەر یاسا ناوخۆییەکان ناکات." گوتیشی، "گوێ بە بڕیارەکانی دادگای باڵای خۆی نادات، تەنانەت دادگای دەستووریش."

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مۆڤی تورکیا گوتیشی هەرچەندە ڕاپۆرتەکان وەک پێویست فشار لەسەر بەرپرسان دروست ناکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەبوونیان زۆر گرنگە "لە ڕاستیدا پێشتر لە ڕاپۆرتە ئەمەریکییەکان یان نێودەوڵەتییەکاندا زیاتر ئەنجامی ئەرێنیمان دەبینی، بەداخەوە ئێستا بەرپرسانی تورکیا لە ڕووی مافەوە ڕاپۆرت و تانە و ستاندارد لەبەرچاو ناگرن. بەڵام بە بڕوای من هێشتا کاریگەرییەکی تاڕادەیەک باشیان لەسەر بەرپرسانی تورکیا هەیە."

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کاریان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندی کوردی کردووە یان دەکەن، ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی فشاری بەرچاوی حکومەت بوونەتەوە، بە زیندانی کردنیشەوە. حکومەت بەردەوام دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەنووسانی ڕەتکردووەتەوە، لەنێویاندا هاووڵاتیانی تورکیا کە کار بۆ دەزگا نێودەوڵەتییەکان ( بەشێوەیەکی خۆبەخشیش) دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی بە زمانی کوردی ڕاپۆرت دەکەن".

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ئەمەریکا دەشڵێت "حکومەت هەنگاوی سنوورداری ناوە بۆ دەستنیشانکردن و سزادانی هەندێک بەرپرس کە ڕەنگە مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کردبێت".

کیرەن نازیش ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ و سەرۆکی هاوپەیمانی ژنان لە ڕۆژنامەگەری (CFWIJ) لە ئەمەریکا، کە لە نزیکەوە چاودێری پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە تورکیا دەکات دەڵێت " لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا، گرنگە بە تایبەتی پێشێلکارییەکانی مافی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی کورد ئاماژەی پێبکرێت."

نازیش لە لێدوانێکی دا بۆ دەنگی ئەمەریکا گرنگییەکەی ئەو بابەتەی بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە "ڕۆژنامەنووسانی میدیای کوردی لە تورکیا لەژێر هەلومەرجێکی زۆر مەترسیدار و هەڕەشەئامێزدا کاری زۆر باش دەکەن، ڕاپۆرتی زۆر گرنگ بڵاودەکەنەوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دووجار پێشێلکاریان لە دژ دەکرێت، هەم لەبەر کاری ڕۆژنامەوانییان و هەم بەهۆی کوردبوونیشیانەوە."

نازیش کە هاوکات پرۆفیسۆری توێژینەوەی میدیاییە، ڕەخنەش لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەگرێت، چونکە بە تایبەتی باس لە پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنانی ڕۆژنامەنووسانی کورد نەکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە بەیاننامەیەکی توند ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە وەک ساڵانی ڕابردوو هەڵسەنگاندنەکانی تێدا بێ بنەمان و دەڵێت " هێچ بەهایەک بۆ ئەم ڕاپۆرتە بێبنەمایە دانانێین."

هەفتەی ڕابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتەکەی بە ناوی "ڕاپۆرتی 2023: دۆخی وڵاتان, تایبەت بە مافی مرۆڤ" بڵاوکردەوە.

بلینکن گوتی "بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ شتێکی ڕاستەقینەیە و لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێمەدایە، چونکە ئەو وڵاتانەی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرن، ئاشتیانەتر دەژین، ئاوەدان و سەقامگیرن."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 1977ەوە ساڵانە ئەم ڕاپۆرتە بڵاودەکاتەوە و ڕۆشنایی دەخاتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە زیاتر لە 200 وڵات و ناوچەی جیهاندا.

ڕاپۆرتی ئوزەلم یاساغ

XS
SM
MD
LG