Accessibility links

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دابینکردنی گاز لە کۆرمۆر


ڕۆژی شەممە وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایانگەیاند کە لەگەڵ هاوبەشەکانییاندا کاردەکەن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ئەرکەکان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دابینکردنی گاز لە کێڵگەکە ڕاگیرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی لە هێرشە کوشندەکەی درەنگانێکی ڕۆژی هەینیدا لانیکەم چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دوو کرێکاری دیکەش بریندار بوون. وتیشی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەباش ڕاگیراون، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا بە نزیکەی 2500 مێگا وات.

تاوەکو ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیش سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.

ڕەشید ڕۆژی شەممە لە پۆستێکدا وتی " دەزگاکانی ئاسایشمان دەبێت بەبێ دواکەوتن لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی بکەن. دەبێت دەستبەجێ ڕێوشوێنی ڕێگری بگیردرێتەبەر."

ڕۆژی هەینی بارزانی وتی "هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە کە کارەبای ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق دابین دەکەن بەرگرییان لێناکرێت. ئەم هێرشانە تێکدانی هەوڵەکانی هەولێر و بەغدادن بۆ پەرەدان بە کەرتی وزە. ئەمە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوودەدات و دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هێرشی لەم جۆرە سوکایەتیکردنە بە سەروەریی عێراق."

پیێڕڵ پیتڕۆڵیۆم کە لە پێنج کۆمپانیا پێکهاتووە مافی دەرهێنانی گازی کۆرمۆر و چەمچەماڵییان هەیە، کە گەورەترین کێڵگەی گازی عێراقن. لەو پێنج کۆمپانیایە دوو کۆمپانیای گەورەی سەربەخۆی ئیماڕاتییان تێدایە، دانا گاز و کریسێنی پیتڕۆڵیۆم.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، عێراق ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، زۆربەی هێرشەکان ئەو بنکە سەربازییانەیان کردووەتە ئامانج کە میوانداری هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانییان کردووە. هێرشەکان لەلایەن بەرەی بەرهەڵستکارانەوە لە عێراق ئەنجام دراون، بەرەی بەرهەڵستکاران لەو گروپە چەکدارییانە پێکهاتووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG