Accessibility links

کاربەدەستە کوردەکانی سوریا دەڵێن 50 ژن و منداڵی کەسوکاری داعشیان ڕادەستی شاندێکی تاجیکستانی کردووە


کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕادەگەیەنن زیاتر لە 50 ژن و منداڵیان لە بنەماڵەکانی داعش ڕادەستی شاندێکی تاجیکستان کردووەتەوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

کاربەدەستە کوردەکانی سوریا ڕایانگەیاند، ئەو 17 ژن و 33 منداڵە کە سەرجەمیان هاووڵاتی تاجیکستانن، ڕادەستی شاندێک بە سەرۆکایەتی زوبەیدولۆ زوبەیدزۆدا باڵیۆزی تاجیکستان لە کوەیت کراون.

دوای ئەوەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە مانگی شەشی 2014 خەلافەتی خۆی لە ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریا و عێراق ڕاگەیاند، هەزاران کەسی بیانی کە سەدان کەسیان خەڵکی تاجیکستان بوون، ڕوویان لە سوریا کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن و لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەو ناوچەیەی کە پێی دەوترا "خەلافەتی ئیسلامی" بژین.

پاش شکستهێنانی داعش، زۆربەی ئەندامانی خێزانەکانی چەکدارەکانی گرووپەکە، لە کەمپە قەرەباڵغەکانی هۆل و ڕۆژ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ کران.

مانگی سووری عەرەبی سوریا ڕایگەیاندووە، ئەو ژن و منداڵانە گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و لەوێوە سورای فڕۆکەیەک کراون"بۆ ئەوەی بە خێزانەکانیان شادببنەوە" لە تاجیکستان.

گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە دوای نزیکەی مانگێک لە هێرشکردنە سەر هۆڵێکی کۆنسێرتەکانی شاری مۆسکۆ بووە کە بووە هۆی کوشتنی 144 کەس. کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن چوار هێرشبەری گومانلێکراوەوە ئەنجام درا کە کە دەستگیرکران و بە خەڵکی تاجیکستان ڕاگەیەندران. داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، چوار لە چەکدارەکانی ئەو هۆڵەیان لە ڕووسیا کردووەتە ئامانج.

تاجیکستان ڕایگەیاندووە کاتێک داعش لەو ناوچەیە دەسەڵاتی هەبوو، زیاتر لە هەزار چەکداری ئەو وڵاتە پەیوەندییان بە گروپە توندڕەوەکانی سوریا و عێراقەوە کردووە، لەنێویاندا داعشیش.

گەڕانەوەی هاووڵاتیانی تاجیکستان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا یەکەمجار نییە. لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردووشدا 104 هاووڵاتی تاجیکستان گەڕێنرانەوە وڵاتی خۆیان کە 31 ژن و 73 منداڵ پێکهاتبوون. وە ساڵێک پێشتریش 147 ژن و منداڵ گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکانیان.

کەمپی هۆل گەورەترین کەمپی دەستبەسەرکردنە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە 43 هەزار کەس لە 47 وڵاتەوە لەو کەمپەدان و بەشێکیشیان کەسوکاری جیهادییەکانی داعشن.

دەسەڵاتدارانی کورد لە مێژە داوایان لە حکومەتە بیانییەکان کردووە کە هاووڵاتیەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە ترسی کاردانەوەی ناوخۆیی زۆر بە خاوی بە دەنگ ئەم داواکارییەوە هاتوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی لە 17ی مانگی چوار لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی لەسەدا 94 دانیشتوانی هۆل و ڕۆژ ژن و منداڵن، گوتیشی "هیچ کەسێک لەم کەمپانە تۆمەتبار نەکراوە و دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە لەبەردەم دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆدا دادگایی بکرێن."

بە وتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەرەڕای هەموو دواکارییەک و هۆشدارییەک لەلایەن خۆیان و لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێستا و داهاتووی کەمپی هۆڵ، پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی داعش و بنەماڵەکانیان بە شێوەیەکی زۆر خاو بەڕێوە دەچێت و تەنها چەند وڵاتێک بەدەم ئەو داواکارییەوە هاتوون بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG