Accessibility links

بەرپرسانی هەرێم جەخت لە داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەنەوە و سەنتەری میترۆش نیگەرانی هەیە


لە یادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردییدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو یادە بەرز دەنرخێنن و پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەوانە کوردەکان دەکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت " داكۆكى له‌ زه‌مينه‌ و ژينگه‌ى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه‌ ڕۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا."

نێچیرڤان بارزانی هەروەها جەختیش لە گرنگی " ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان" دەکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش لە ڕاگەیاندنێکیدا ڕۆژی دووشەممە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی ڕاگەیاندنکاران " لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک کاری پیشەیی خۆیان دەکەن تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن."

مەسرور بارزانی گوتیشی "حکوومەتیش وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر ببەیین."

ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە نیگەرانییەکان لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و هەر ئەمڕۆ دووشەممە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاندووە کە " ئەمڕۆ لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا ستافی سەرۆکی حکومەت هاوشان لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان لە دیداری نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژنامەنووسی ڕێگریان لە تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە ڕوماڵ بکەن، جگە لە کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت بەبیانووی فریکوێنس هەیە."

سەنتەرەکە دەشڵێت " ئەم ڕێگری و پێشێلکارییە لەسەر خودی سەرۆکی حکومەت حسابە، دەبوو خۆی مەرجی ئامادەبوونی لە دیدارەکە ئەوە بوایە کە نابێ جیاوازی لەنێوان هیچ دەزگایەک بکرێت."

جێگری سەرۆک وەزیرانیش لەم ڕۆژەدا بە ئەرکی حکومەتی زانی کە کێشە و کەموکورتییەکانی بەردەم ئازادی ڕۆژنامەوانی چارەسەر بکات.

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند " داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان بە دیدێکی رەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین. ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری چارەسەر بکات، یاساکانی کاری ڕۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکات."

126 ساڵ لەمەوبەر و لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان، ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە دەرچوو. ئەو ڕۆژنامەیە کرایە سەرەتا و دەستپێکی ڕۆژنامەگەری کوردی و ساڵانە یاد دەکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG