Accessibility links

واڵ ستریت ژورناڵ: حەماس هەوڵدەدات نووسینگەی سیاسی خۆی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی قەتەر


ڕۆژنامەی 'واڵ ستریت ژورناڵ' ڕۆژی شەممە 20ی مانگی چوار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە حەماس بارەگای خۆی بۆ دەرەوەی قەتەر بگوازێتەوە. ڕاپۆرتەکە هەروەها باس لە دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی ئەو گواستنەوەیە دەکات بۆ دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە بە مەبەستی دامەزراندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس ئەنجام دەدرێن.

ئەم ڕاپۆرتە لە زاری کاربەدەستانی عەرەبەوە ڕایگەیاندووە کە حەماس سەبارەت بە گواستنەوەی سەرکردە سیاسییەکانی بۆ دەرەوەی قەتەر، ڕاوێژی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لانیکەم دوو وڵاتی ناوچەکە کردووە لە نێویاندا عومان.

بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئەم گرووپە کە تاران پشتیوانی دەکات، پێی وایە کە پێشکەوتنێکی کەم لە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل ڕەنگە پەیوەندییەکانی ئەو گرووپە لەگەڵ قەتەر بخاتە مەترسییەوە و تێکی بدات.

قەتەر هاوشانی میسر و ئەمەریکا ڕۆڵی نێوەندگیرییان بینیوە لە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەمەبەستی دامەزراندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.

ئەم میرنشینە کە لە ساڵی 2012ەوە میوانداری سەرکردەکانی نووسینگەی سیاسی حەماس دەکات، لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن ئیسرائیل و بەتایبەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕۆڵی خۆی وەک ناوبژیوان هەڵدەسەنگێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG