Accessibility links

عەتا سەراوی بۆ VOA: چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش دەکەم


عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پاش ئەوەی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلەکەی تەقیەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خۆم سەلامەتم و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنیەکانم."

ڕۆژی هەینی 19 ی مانگی چوار لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە لە جۆری نیسان پاتڕۆڵ، دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکە هی عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"من لە ماڵەوە سەر سەیارە کەوتم بە بێ کێشە تا لەو جێگەیە دابەزیم، هەر کە دابەزیم، سەیارەکەم تەقییەوە، شوکر خۆم سەلامەتم، بەڵام جگە لە سەیارەکەی خۆم کە لە جۆری نیسان پاتڕۆڵە، سەیارەی هاووڵاتیانی دیکەش زەرەریان بەرکەوتووە."

وتیشی،" هیچیتر ناڵێم لەو بارەیەوە، چونکە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنیەکانم."

دوای ڕووداوەکە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ڕووداوەکە بڵاوکردۆتەوە، لە بڵاوکراوەکەی ئاسایشدا هاتووە،" پاش ئەوەی ڕۆژی 19 ی مانگی چوار، کاتژمێر12 لەگەڕەکی شەهیدانی سەرچنار، ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک روویدا و هیچ زیانیکی گیانی لێنەکەوتەوە و دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردووە، لەئێستادا هێزەکانی ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەکەن بەمەبەستی بەدوادوچوون و لێکۆڵینەوە." دەزگای ئاسایش، زانیاری لەسەر هۆکار و وردەکاری ڕووداوی تەقینەوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

عەتا سەراوی پێش ڕووداوەکانی 8ی تەمووز ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، بەڵام لە دوا کۆنگرەی حزبەکەیدا، وەک ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە هەڵنەبژێرایەوە.

XS
SM
MD
LG