Accessibility links

چارەنوسی لێکۆڵەرێکی ئیسرائیلی-ڕووسیاسیی کە لە عێراق ڕفێندراوە بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی سودانی لە واشنتن


وێنەی ئەلیزابێت سەرکۆڤ کە لە 26 ی پێنجی 2017 لە ئەستبوڵ لەلایەن ڕۆژنامەواێکی سوریایی بە ناوی ئەحمەد محەمەد گیراوە
وێنەی ئەلیزابێت سەرکۆڤ کە لە 26 ی پێنجی 2017 لە ئەستبوڵ لەلایەن ڕۆژنامەواێکی سوریایی بە ناوی ئەحمەد محەمەد گیراوە

لە کاتێکدا ڕۆژی دووشەممە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆبووەوە، ژمارەیەک کەس لە بەردەم کۆشکی سپی خۆپیشاندانیانی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.

لەو خۆپیشاندانەدا داوای ئازادکردنی ئەلیزابێت سەرکۆڤکرا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە عێراق ڕفێندراوە.

ئەلیزابێت سەرکۆڤ هاووڵاتی ئیسرائیل و ڕووسیایە. خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی پرینستنی ئەمەریکا. لە مانگی سێی ساڵی 2023 بۆ کاری توێژینەوە سەردانی عێراقی کردووە. دەستبەجێ پاش گەیشتنی بۆ بەغدا، لەلایەن هەندێک چەکدارەوە ڕفێندراوە.

دواتر گرووپی شیعەی کەتایب حزبوڵڵا پشتڕاستی کردەوە کە ئەو خانمە تەمەن 38ساڵەیان ڕفاندووە. لە مانگی یازدەی ساڵی 2023 کەتایب حزبوڵا گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرکۆڤی بڵاوکردەوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنوسی نەبووە.

ئێما سەرکۆڤای خوشکی ئەلیزابێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە چەندین ئاستدا هەواڵمانداوە پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە بکەین بەڵام هیچ یارمەتیەک نەدراوین.

ئێما سەرکۆڤ و دوو خوشک و بررای دیکەی لە ئیسرائیلەوە هاتوون بۆ ئەوەی داکۆکی لە ئازادکردنی خوشکەکەیان بکەن لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، هەروەها بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکەی دووشەممەدا کرد.

ئێما ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "پەیوەندیم کردووە بە باڵیۆزی عێراق لە ئەمەریکا، ئیمەیڵم ناردووە، تەنانەت نامەشم بە پۆست کردووە، بەڵام هیچم لێیان نەبیستووە".

حکومەتی ئیسرائیل لە مانگی حەوتی 2023 ڕایگەیاند کە سەرکۆڤ لەلایەن کەتایب حزبوڵڵاوە ڕفێندراوە، گرووپێکی چەکداری شیعەی کە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئێراندا هەیە.

هاووڵاتیانی ئیسرائیلی گەشتکردنیان بۆ عێراق قەدەغەکراوە، بەڵام بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، سەرکۆڤ پاسپۆرتە ڕووسیەکەی بەکارهێناوە بۆ چوونە ناو ئەو وڵاتەکەوە.

ئێما ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوی بە ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوتووە کە لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا یاوەری دەکات.

دەڵێت "پێی وتم لە ڕۆژی ڕفاندنی ئەلیزابێتەوە زانیارییان لەسەر دۆسیەکەی هەیە و تیمی دەستەی ئەرکەکەیان کە بۆ ئەم دۆسیەیە دەستنیشانکراون، هێشتا بەدوای شوێنی ئەو و ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بەرپرسیارن لە ڕفاندنیدا".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش پشتڕاستی کردبووەوە کە بایدن دۆسیەی سەرکۆڤ لەگەڵ سودانی تاوتوێ دەکات. ئیما سەرکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەوە زانیویەتی کەیسەکە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە.

کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی لە کۆشکی سپی 15ی چواری 2024
کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی لە کۆشکی سپی 15ی چواری 2024

لە مێزگردێکیشدا لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس لە واشنتن، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە ڕفاندنی سەرکۆڤ "قبووڵ نەکراوە و پێچەوانەی یاسا بووە".

ئەلسودانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە زۆرێک لە دیدارەکانیدا لە واشنتۆن باسی لەو دۆسێیە کردووە " حکومەتی عێراق تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەم ژنە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە ڕفاندنی".

بەڵام خوشکەکەی وتی کە لێدوانە "بێمانا"کانی ئەلسودانی یارمەتیدەر نەبوون بۆ هێنانەوەی ئەلیزابێتی خوشکی بۆ ناو خێزانەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەم جۆرە لێدوانانە، سەرۆک وەزیرانی عێراق دان بەوەدا دەنێت کە توانای کۆنترۆڵکردنی هێزە ئاسایشییەکانی خۆی نییە. "13 مانگ بەسەر ڕفاندنی ئەلیزابێت تێپەڕیوە، ئەوانیش ناتوانن بیدۆزنەوە، هەموومان دەزانین کێ دەستی بەسەردا گرتووە، کەتایب حزبوڵا بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە بەشێکە لە هێزی بەرگری عێراق".

هیواشی خواست هەڵمەتە گشتییەکانیان لە واشنتن یارمەتیدەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی خوشکەکەی.

XS
SM
MD
LG