Accessibility links

ناتانیاهۆ لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل ڕاوێژ دەکات و قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەش تا ڕۆژی دووشەممە دادەخرێن


بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتەکە سەبارەت بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی چاوەڕوانکراوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سەردانی بارەگای سەربازیی سوپای ئیسرائیلی کرد لە کاریا. لە هەمان کاتدا سنووردارکردنەکان ڕاگەیەندراوە، لەوانە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و چالاکیی پەروەردەیی لە ئیسرائیل.

ماڵپەڕی تایمزی ئیسرائیل بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، نووسیویەتی، یوف گاڵانت، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە هەروەها گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپا، هێرزی حەلێڤی و بەرپرسانی دیکەی سەربازی ئیسرائیل کردووە و تاوتوێی ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووە.

هاوکات کەناڵی هەواڵی "کەناڵی 12"ی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە وەڵامی ئەو هێرشەی کە لە یەکی مانگی چواردا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بووە هۆی کوژرانی چەندین فەرماندە و ئەندامی باڵای سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، بە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکان بداتەوە نەک هێرش بۆ سەر شوێنی مەدەنی.

لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی نوێ بۆ کۆبوونەوە مەدەنییەکان دانراوە.

دانیال هاگاری ئاماژەی بەوەشکرد ڕێنماییەکانی فەرماندەیی سەربازی، چالاکییە پەروەردەییەکانی لە سەرتاسەری ئیسرائیل قەدەغە کردووە و کۆبوونەوەی قەرەباڵغی سنووردار کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک ناوچەدا، لەوانە نزیک سنوورەکانی کەرتی غەززە و لوبنان، سنووردارکردنی توندتر بۆ گردبوونەوەکان دادەنرێت.

دانیال هاگاری بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا زۆربەی دامەزراوە پەروەردەییەکان داخراون، وتی ئەو سنووردارکردنانە گەشت و کەمپەکانیش دەگرێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو سنووردارکردنانە تا کاتژمێر 11ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، 15ی مانگی چوار کارا دەبن و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل "لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە" و "دەیان فڕۆکە لە ئاسمان ئامادەن".

لە میانەی ئەو هێرشەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە 1ی مانگی چوار، شەش فەرماندەی باڵای سوپای قودسی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کوژران. لەو کاتەوە ڕێبەر و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل کردووە.


سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG