Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا گەشتی کۆتایی هەفتەی هەڵدەوەشێنێتەوە و بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ واشنتن بۆ تاوتوێکردنی گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل


کۆشکی سپی ڕایگەیاند جۆو بایدن گەشتی کۆتایی هەفتەکەی لە نیوەدا هەڵوەشاندوەتەوە و پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بە کاتی ئەمەریکا گراوەتەوە بۆ واشنتن بۆ تاوتوێکردنی گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی و لە لایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا داوای ئازادکردنی ئەو کەشتییەی کردووە کە لە تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی هوشداری دایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆیان لە هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئیسرائیل بەدوور بگرن، هەرچەندە بایدن ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات ئێران "بەم زووانە" هێرش بکات.

لە هەمان کاتدا بایدن جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن و پشتیوانی لە ئیسرائیل کردەوە و وتی ئێران سەرکەوتوو نابێت.

هاوکات وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی شەممە 13ی مانگی چوار ڕایگەیاند ئیسرائیل دەتوانێت حساب بۆ "پشتیوانی تەواو"ی ئەمەریکا لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران و گروپە بە وەکالەتەکانی بکات.

هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی شەممە لە نزیک تەنگەی هورمز دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگردا گرت کە ئاڵای پورتوگالی لەسەر بووە کە دەوترێت کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیلە.

لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی داوای کرد کە ئێران دەستبەجێ ئەو کەشتییە و تیمەکەی ئازاد بکات.

ئادرین واتسۆن ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پێشێلکارییەکی جیددی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد وگوتی ئەوە کردەوەیەکی چەتەی دەریایییە کە لە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە کاردانەوە بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە "چەتەی دەریایی" ناو برد و داوای کرد کە سوپای پاسداران بە تیرۆریست بناسێنرێت.

ئەو کەشتییەی دەستی بەسەردا گیراوە ناوی ئێم ئێس سی ئێرنز (MSC Erins)ە کە کە ئاڵای پورتوگالی لەسەرە و وەک ئاژانسەکانی سەر بە حکومەتی ئێران نووسیویانە هێزە دەریاییە تایبەتەکانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەردا گرتووە و ئاراستەی ئاوەکانی ئێرانیان کردووە.

کەشتی ئێم ئێس سی ئێرنز پەیوەندی بە کۆمپانیای زودیاک مریتام (Zodiac Maritime )ەوە هەیە کە بنکەکەی لە لەندەنە و خاوەنەکەی ملیاردێرێکی ئیسرائیلییە بە ناوی ئایڵ ئۆفەر.

بەرپرسێکی هیندستان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، 17 کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە هاووڵاتی هیندستانن.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا/ئەی پی

XS
SM
MD
LG