Accessibility links

سەدر بە "خەونی" پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەوە دەگەڕێتەوە


موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر ناوی ڕەوتەکەی گۆڕی و جموجۆڵی سیاسی دەستپێکردەوە، لەکاتێکدا پێشتر سەرجەم پەرلەمانتارەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کشاندەوە و کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی ڕاگەیاند.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ناوی ڕەوتی سەدری بۆ ڕەوتی نیشتمانی شیعە گۆڕی، بەرپرسانی لایەنە شیعەکانی ڕکابەریشی پێیانوایە ئەم هەنگاوەی سەدر ئامادەکارییە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و دەستپێکردنەوەی گەڕێکی تری ململانێ لەگەڵ لایەنە شیعەکانی ڕکابەری.

نەجات حسێن، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی شیعی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەدر ناوی ڕەوتەکەی گۆڕی تا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ هێزو لایەنی تر هاوپەیمانی ببەستێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە سەدر زوو زوو بڕیارەکانی دەگۆڕێت."

دەشڵێت،"سەدر خواستی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی هەیە، بەڵام یاسای هەڵبژاردن گۆڕاوەو ئەستەمە بتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنێت."

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021، ڕەوتی سەدر 73 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە کۆی 329 کورسی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا 54 کورسی هەبوو، بەمەش سەرکەوت بەسەر لایەنە شیعەکانی ڕکابەریدا.

دوای هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و عەڕەبی سونە، سەدر لە ساڵی 2021 هەوڵیدا حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بە بێ بەشداری لایەنە شیعەکانی ڕکابەری پێکبهێنێت، بەڵام دوای شکستهێنانی لەهەوڵەکانی گۆڕەپانەکەی بۆ لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی چۆڵکرد.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە جم و جۆڵەکانی ڕەوتی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەدر بە خەونی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەوە جم و جۆڵە سیاسییەکانی دەستپێکردووەتەوە."

هەروەها وتیشی،"سەدر لەگەڵ 10 گروپی شیعەدا کۆبووەتەوەو داوایلێکردوون دژایەتی نەکەن لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ نێو پرۆسەی سیاسی، بەڵێنی دژایەتی نەکردنی لەو گروپانە وەرگرتووە."

ڕەوتی سەدر بە یەکێک لە هێزە جەماوەرییەکانی نێو شیعە دادەنرێت و جگە لە بنکە جەماوەرییەکەی، خاوەنی هێزێکی چەکدارە بە ناوی سەرایە سەلام و ئەم هێزە لە ژێر ڕێنمایی خودی موقتەدا سەدردا جم و جۆڵە سەربازییەکانیان ئەنجام دەدەن.

بورهان محەمەد فەرەج، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەدر لە ژێر فشاردا لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، ئێستا پێیوایە گۆڕانکاری لە ناوچەکە ڕوودەدات، بۆیە ناوی ڕەوتەکەی گۆڕی و لیژنەی پێکهێناوەو پەرلەمانتارەکانی خستووەتە جوڵە، دەیەوێت خەونی پێکهێنانی حکومەتی نیشتمانی بەدی بهێنێت."

ئەو وتیشی،"سەدر پێشتر پەیوەندی لەگەڵ ئێران باش نەبووەو زیاتر لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە نزیکبوو، ڕەنگە کار بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیش بکات."

جموجۆڵە سیاسییەکانی ڕێبەری ڕەوتی سەدر جارێکی تر لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دووچاری ترس کرد، بەوپێیەی گەڕانەوەی سەدر بۆ نێو گۆڕەپانەکە مەترسی لەسەر هێزو دەسەڵاتی ئەو لایەنانە دروست دەکاتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:17 0:00
XS
SM
MD
LG