Accessibility links

سوپای ئیسرائیل دەڵێت کۆمەڵێ بنکەی سەربازی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج


هێزی بەرگری ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 13ی مانگی چوار ڕایگەیاند، کۆمەڵە بنکەیەکی گەورەی سەربازییان کردۆتە ئامانج کە چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بەکاریانهێناوە.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەدا سوپای ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێرشە ئاسمانییەکانی بڵاوکردەو کە تێیدا دوو تەقینەوە دەبینرێت.

هێرشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر باڵاخانە سەربازییەکانی چەکدارانی حزبوڵڵا لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان.

هەروەها ڕۆژی هەینی 40 موشەک لە لوبنانەوە بەرەو باکووری ئیسرائیل ئاڕاستە کران کە حیزبوڵڵای لوبنان بەرپرسیارێتی هەڵدانەکانی لە ئەستۆ گرت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی گرووپی حیزبوڵڵا لە لوبنان کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکەن لەگەڵ سوپای ئیسرائیل توندتر بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم ماوەیەدا قسە و باسەکان سەبارەت بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ئیسرائیل تەشەنەی کردووە.

لە میانەی ئەو هێرشەی کە خراوەتە پاڵ ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە یەکی مانگی چواردا، حەوت فەرماندەی باڵا و ئەندامانی

سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کوژران. لەو کاتەوە ڕێبەر و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ئامادەکاری تەواویان بۆ هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمریکا

XS
SM
MD
LG