Accessibility links

سوپای پاسدارانی ئێران دەست بەسەر کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیل لە نزیک تەنگەی هورمزدا دەگرێت


هاوکاتی دەنگۆی هێرشی توڵەسەندنەوەی ئێران بەهۆی هێرشێکی گوماناوی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا کە بووە هۆی کوژرانی 12 کەس، سوپای پاسداران ڕۆژی شەممە دەستی بەسەر کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیل لە نزیک تەنگەی هورمزدا گرت.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە یەکەیەکی هێزە تایبەتەکانی هێزی دەریایی ئێران هێرشەکەیان بۆ سەر کەشتییەکە ئەنجامداوە.

هەروەها ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کەشتییەکە هی " ملیاردێرێکی ئیسرائیلییە".

ئەو کەشتییەی دەستی بەسەردا گیراوە ناوی ئێم ئێس سی ئێرنز (MSC Erins)ە کە کە ئاڵای پورتوگالی لەسەرە و وەک ئیرنا نووسیویەتی هێزە دەریاییە تایبەتەکانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەردا گرتووە و ئاراستەی ئاوەکانی ئێرانیان کردووە.

کەشتی ئێم ئێس سی ئێرنز پەیوەندی بە کۆمپانیای زودیاک مریتام (Zodiac Maritime )ەوە هەیە کە بنکەکەی لە لەندەنە و خاوەنەکەی ملیاردێرێکی ئیسرائیلییە بە ناوی ئایڵ ئۆفەر.

دوابەدوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر دەکەن.

ڕۆژنامەی دەیلی مێلی بەریتانی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 13ی مانگی چوار لە زاری وەزیری بەرگری بەریتانیاوە بڵاوی کردەوە کە هێزی دەریایی وڵات "ئۆپەراسیۆنی تایبەتی" بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی بەریتانیا لە ناوچەکە ئامادە کردووە لە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمەریکاش ڕۆژی هەینی لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاییەوە کە ناویان نەهێنراوە، ڕایگەیاندووە کە ئێران دەیان مووشەکی کروز و بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە کردووە.

لە ئێستادا تاران توانای ئەوەی هەیە بە مووشەکەکانی ڕاستەوخۆ خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج و لە ئەگەری هێرشی ئێران و دواتر بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل ڕەنگە ئاسمانی ناوچەکە بۆ هەمووان پارێزراو نەبێت.

لەدوای هێرشی یەکی مانگی چواری سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران، لەنێویاندا محەمەد ڕەزا زاهیدی، فەرماندەی بەرپرسی سوریا و لوبنان لە سوپای قودس، هەواڵەکان باس لە هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن.

دوای قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس، کە بە فەرمانی دانۆڵد ترامپ لە عێراق کوژرا، زاهیدی کە لە هێرشەکەی یەکی ئەم مانگەدا لە سوریا کوژرا بە باڵاترین فەرماندەی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات دادەنرا. جگە لە ئەو، لە چەند مانگی ڕابردوودا دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، چەند فەرماندەی دیکەی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سوریا کوژراون.

سەرچاوە/ئەی پی/ردایو فەردا

XS
SM
MD
LG