Accessibility links

پسپۆڕان دەڵێن موقتەدا ئەلسەدر تیرێک دەگرێتە چوارچێوەی هەماهەنگی


ڕابەری سەدرییەکان بڕیاریداوە ناوی ڕەوتەکەی لە ڕەوتی سەدرەوە بگۆڕێت بۆ ڕەوتی نیشتمانیی شیعە.

گۆڕینی ناوی ڕەوتی سەدر، وەک زۆریک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژەیان پێکردووە دەشێت پەیوەندی هەبێت بە ئەگەر و نەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسی عێراق.

دکتۆر سەیف ئەلسەعدی، لیکۆڵەری سیاسی هاوڕایە و دەڵێت "دەشێت پەیوەندی هەبێت بە گەڕانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سەدرییەکان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، پاش کشانەوەی 73 نوێنەرەکەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا و ئەم ناو گۆڕینەش جۆرێکە لە ڕکابەریی و تەنگ هەڵچنین بە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر مافە سیاسییەکانی داهاتوو."

تەنانەت ڕۆژە دیاریکراوەکانی جەژنیش نەبوونە هۆکارێک بۆ موقتەدا ئەلسەدر، هەر هیچ نەبێت جموجۆڵی ڕەوتەکەی خۆی ڕابگرێت کە بەردەوام جێی مشتومڕێکی زۆری سیاسین لە عێراقدا.

هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوە نوێیەکەی ڕەوتی سەدر، کاردانەوەکان لە نێوەندەکانی عێراقدا زۆر بوون.
دکتۆر سەیف ئاماژە بە بەکارهێنانی وشەی "نیشتمانیی" دەکات لە ناوە نوێیەکەدا و دەڵێت " نیشتمانیی، لەگەڵ ناسنامەی ئاینزایی یان ناسنامەی لابەلا یەکناگرێتەوە، نیشتمانیی وشەیەکی فرەلایەنە و کۆکەرەوەی هەموو شتەکانی ترە و دەشبێت داببڕێندرێت لە هەموو ناسنامە ئاینزایی و لابەلاکانی تریش؛ هەربۆیە هەروادێ و ڕەخنەکانیش زیاتر دەبن و دەشڵێن ئەگەر هاتبا و هەر ڕەوتی نیشتمانی بووایە بەبێ دانانی ناوی شیعە، زۆر باشتر دەبوو، چونکە دەیتوانی سەروسەودا لەگەڵ جەمسەرە سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکانی تری عێراقدا بکات."

دکتۆر حەیدەر سەلمان، باس لەو بۆشاییە سیاسییە دەکات کە لەپاش کشانەوەی ڕەوتی سەدری ئەوسا و ڕەوتی نیشتمانی شیعەی ئێستا لە عێراقدا هاتۆتە ئاراوە و دەڵێت "نە کورد و نە سوننە فشاریان لە سەدر نەکرد، بەڵکو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو فشارەی کرد؛ جا بە دیوێکی تریدا ئەمە بەشێکە لە کێشەکانی ناو ماڵی شیعە، ڕاستیشە کورد و سوننە پرسیاریان لەلا دروستبووە لەسەر ئەم ناو گۆڕینە، بەڵام ئەم ناوە نوێیە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و ناشبیت، هێندەی ئەوەی ئاڕاستەی تیرەکە ڕووەو چوارچێوەی هەماهەنگییە کە بەردەوام ویستوویەتی سەدرییەکان لە پەراوێز بنێت و دوریشی بخاتەوە لەوەی وەک لایەنێکی شیعە ببینرێت و موقتەدا دەشیەوێت خۆی بێبەری بکات لەو ناودێرکردنەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەناوی کراسەکەی عوسمانەوە بۆیان دانابوو."

دکتۆر حەیدەر، لەوبڕوایەدایە ئەم ناو گۆڕینە کە بە بڕیاری موقتەدا ئەلسەدر بووە، نابێتە مایەی دابڕان لەگەڵ پێکهاتەکانی تری عێراقدا و دەڵێت "بەپێچەوانەوە، زۆرێک لە پێکهاتەکان و لایەنەکانیش ڕووەو سەدر دەڕۆن و بەپلەی یەکەم لایەنە شیعەکان و ئەوجا لایەنەکانی پێکهاتەکانیش."

دکتۆر حەیدەر، باسیش لەوە دەکات ئەمەش یەکەم جار نییە سەدر ناوی ڕەوتەکەی بگۆڕێت و دەڵێت پێشتر سائیرون بوو و چەند ناوێکی تریشی هەبووە.

دکتۆر سەیف، جەخت دەکاتەوە لەوەی موقتەدا ئەلسەدر ئەگەر جەمسەرە سیاسییەکانی تری عێراقی لە خۆ کۆبکردایەتەوە وەک دەڵێت "ئەوا دەیتوانی بەرەیەک بکاتەوە دژ بە چوارچێوەەی هەماهەنگی؛ چونکە هەر بەڕاستی پاش ئەم ڕاگەیاندنەی سەدر، پێکدادانی سیاسی دێتە پێش بە بەڵگەی ئەوەی هەر لە ئێستاوە دەنگ لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەرزبووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسیانەی ڕەوتی داهاتووی سەدر و گوتارە سیاسییەکانیش توندتر دەبن و دەگاتە ئاستی وتاری شەڕانگێزانە بەتایبەتیش ئەگەر بێتوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت بەپێی کارنامەی حکومەت کە دەبێت وابەستەبێت بە جێبەجێکردنیەوە."

دەشێت گەلێک خوێندنەوەی جیاواز بکرێن بۆ ئەم هەنگاوی ناوگۆڕینەی موقتەدا ئەلسەدر، بەڵام هاوڕاییەکیش هەیە لە نێوەندەکاندا وەک دکتۆر حەیدەر و دکتۆر سەیف ئاماژەیان پێکرد، دەشێت ئەم هەنگاوەی سەدر پەیامێکی تری بێت بۆ برا نەیارەکانی و پێیان بڵێت لە ئێوە شیعەترم.

XS
SM
MD
LG