Accessibility links

ڕێکخراوێکی ئەمەریکایی داوا لە بلینکن دەکات ڕێگری بکات لە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەمەریکا


ڕێکخراوی 'هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی'( UANI) داوا لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات داوای ڤیزای حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەشتکردن بۆ ناو ئەمەریکا ڕەت بکاتەوە.

ئەم گرووپە کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە، لە ساڵی 2008دا دامەزراوە و لە هەوڵدایە لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوی دیکە ڕێگری لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات بۆ ئەوەی نەبێتە زلهێزێکی ئەتۆمی.

مارک دی واڵاس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە ڕۆژی چوارشەممە ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی وەک یەکێک لە ئەندامە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ناوبرد و لە نامەیەکدا بۆ بلینکن نووسیوێتی "عەبدوڵڵاهیان لە ماوەی مانەوەی لە مەنهەتنی نیویۆرک هەڕەشەی لە ئەمەریکا کردووە و قسەی دژی ئەمەریکا و دژی جووەکان کردووە."

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە "بڕیارە 18ی مانگی چوار وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس کە خۆی بە شێوەیەکی تایبەتی بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی پلاندانان بۆ هێرشەکەی 7ی مانگی دەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کردووە."

ئەو ڕێکخراوە هەروەها دەڵێت "سوپای پاسداران کە عەبدوڵڵاهیان یەکێک لە ئەندامەکانییەتی، چەند مانگێک پێش هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، ڕاهێنانی سەربازی بە 500 تیرۆریستی بزووتنەوەی حەماس لە ئێران کردووە."

لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی هەزار و 200 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش بە بارمتە گیران.

دی واڵاس لە نامەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە حکومەتی ئەمەریکا "زۆر جار ڕێگەی بە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی داوە بێتە خاکی ئەمەریکاوە" ڕایگەیاندووە "ئێمە هێشتا نیگەرانین سەبارەت بە سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پێدانی ڤیزا بەو بەرپرسانەی بەشدارن لە تیرۆر و سەرکوتکاری لە ئێران."

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەردانەکانی پێشووی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ ئەمەریکا هاوکات بووە لەگەڵ سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کاتێک بووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، محەمەد قوبادلوی تەمەن 23 ساڵانی لە سێدارە داوە.

XS
SM
MD
LG