Accessibility links

حەماس دەڵێت ئیسرائیل 3 کوڕی ئیسماعیل هەنییەی کوشتووە


ئاژانسی هەواڵی شەهبای نزیک لە حەماس ڕایگەیاند لە بۆردومانێکی ئیسرائیل لە کەمپی شاتی (الشاطئ) لە باکوری ڕۆژئاوای کەرتی غەززە، 3 کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس کوژراون.

ئاژانسەکە پاش نیوەڕۆی چوارشەممە بە کاتی خۆجێی ڕایگەیاند حازم و ئەمیر و محەمەد، هەرسێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە لەگەڵ 3 کوڕەزای لەو بۆردومانەی ئیسرائیل کوژراون.

ئاژانسەکە لەسەر پێگەکەی لەسەر ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە ئەوە ئەو ساتەیە کە بە تەلەفۆن هەواڵی مەرگی هەرسێ کوڕەکەیان پێگەیاندووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئیسماعیل هەنییە لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە وتویەتی هەتا ئێستا 60 کەس لە بنەماڵەکەی کوژراوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد پاش ئەوەی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر لە 1200 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش کە ژمارەیەکیان منداڵن لەلایەن حەماسەوە بە بارمەتە بران.

سەرچاوە/ ئاژانسی هەواڵی شەهاب

XS
SM
MD
LG