Accessibility links

کەسێکی لوبنانی کە تۆمەتبارە بە ڕەوانەکردنی پارە بۆ حەماس لە نزیک بەیرووت تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە


کاربەدەستانی ئاسایشی لوبنان دەڵێن کەسێک کە بە حاجی محەمەد سرور ناسراوە، تەرمەکەی لە ماڵێک لە ناوچەیەکی نزیک بەیرووتی پایتەخت بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

کاربەدەستان دەڵێن ناوبراو شەوی سێشەممە تەرمەکەی لە ماڵێک لە گوندی بێت مێری لە ڕۆژهەڵاتی بەیرووت دۆزراوەتەوە پاش ئەوەی لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە بێسەروشوێن بوو. دەڵێن زیاتر لە 5 گولـلە بە جەستەیەوە نراوە، هەرچەندە بڕێک پارەی پێبووە، بەڵام بکوژانی پارەکەیان نەبردووە.

میدیاکانی لوبنان دەڵێن ڕۆژی پێنجشەممە پاش ئەوەی لە دوکانێکی حەواڵەی پارە بڕێک پارەی وەرگرتووە، دەنگی نەماوە و کەس نەیتوانیوە بە مۆبایل پەیوەندی پێوە بکە، بۆیە هێزەکانی ئاسایش ئاگادارکراونەتەوە و ئەوانیش توانیویانە شوێنی مۆبایلەکەی دیاریبکەن کە لە گوندی بێت مێریـیە. دواتر لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریـیەوە توانیویانە بیبینن کە چووەتە ماڵێک لە ناوچەکە و لێی نەهاتووەتە دەرێ. هێزەکانی ئاسایش ڕەزامەندی دادوەریان وەرگرتووە و چوونەتە ناو ماڵەکە و لەوێ تەرمە محەمەد سروریان لە ناو مەتبەخی ماڵەکە دۆزیوەتەوە.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئیسرائیل لە پشت کوشتنی ناوبراو بێت.

محەمەد سروری تەمەن 57 ساڵ تاوانبارە بەوەی لەگەڵ دەزگا دارایـیەکانی حزبوڵڵای لوبنان کاریکردووە و بە دەیان دۆلاری لە سوپای پاسدارانی ئێران وەرگرتووە لە ڕێگەی حزبوڵڵاوە و پاشان حەواڵەی حەماسی کردووە بە مەبەستی بەکارهێنانی ئەو پارانە هێرشی تێرۆرستی بۆ سەر ئیسرائیل لە کەرتی غەززەوە.

ساڵی 2019 لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزای خرایە سەر لەگەڵ ژمارەیەک کەسی دیکەدا. وەزارەتی خەزێنە لە ڕاگەیاندنەکەیدا نووسیویەتی محەمەد سرور ئەڵقەی پەیوەندی بووە لە نێوان هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵا و حەماس بە مەبەستی دابینکردنی پارە بۆ باڵی چەکداری حەماس کە بە کەتائب عزەدین ئەلقەسام ناسراوە.

سەرچاوە/ ئاژانسی فڕانس پرێس، میدیاکانی لوبنان.

XS
SM
MD
LG