ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە چەکدارە گومانبارە سوننەکان لە ئوستانی سیستان-بەلوچستان بەلایەنی کەم 11 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ئێرانیان کوشتووە و دەشڵێن لە هێرشەکەی سەر بارەگایەکی سوپای پاسدارانی ئێران 16 کەسی تریش کوژراون.
کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکانی نیوەشەوی نێوان گرووپی جەیش ئەلعەدل و هێزە ئاسایشییەکان لە شارۆچکەکانی چابەهار و ڕاسک ڕووی داوە.
ماجید میرحمادی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند "تیرۆریستان نەیانتوانی ئامانجەکەیان کە دەستبەسەرداگرتنی بارەگاکانی سوپای پاسدارانە لە چابەهار و ڕاسک، بەجێ بگەیەنن."
ئێران دەشڵێت " 10 کارمەندی ئەمنیش لە تێکهەڵچوونەکاندا بریندار بوون".
جەیش ئەلعادل دەڵێت، خەبات بۆ مافەکانی کەمینەی بەلووچ و باشترکردنی دۆخی نالەباری ئەوان دەکات.
ناوچەی سیستان – بەلوچستان زۆرینەی سوننە و هاوسنووری ئەفغانستان و پاکستانە و ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی لەنێوان چەکدارانی سوننە و هێزەکانی دەوڵەتی شیعەی ئێراندا هەیە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز