Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت لە ساڵی 2023دا، 853 کەس له ئێران له سێداره دراون


ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ساڵی 2023دا، 853 کەسی لە سێدارە داوە و رێژەی لەسێدارەدانەکان بە بەراورد بە ساڵی 2022، 48% زیادیکردووە و بەراورد بە ساڵی 2021یش بە ڕێژەی 172% زیادیکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان ئەوە دەردەخات کە دوای ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە مانگی نۆی ساڵی 2022دا لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکار، دەستیان پێکرد، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر کەڵکیان لە سزای لەسێدارەدان وەکو ئامرازێکی سەرکوتکردنی خەڵک و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان وەرگرتووە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو رێکخراوەدا هاتووە زیاتر لە نیوەی لەسێدارەدانەکان لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەنجام دراون کە بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە ڕێژەی 89% و بەراورد بە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 264% زیادی کردووە. ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە لەسێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2024یشدا هێشتا بەردەوامە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 20ی مانگی سێ، 95 کەسی لەسێدارە دراون.


ئەو ڕێکخراوە لە ڕاگەیاندراوێکدا خوازیاری هەنگاوی یەکلاکەرەوەی جیهانییە بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران و دەڵێت زیندانەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2023دا، بووە بە شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەکارهێنانی بەربڵاوی سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا بە خراپ بەکارهێنانی ئاشکرای دەسەڵات لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ناوبردووە.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەرگیز نابێت سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بسەپێندرێت و دەڵێت زۆرجار ئەم لەسێدارەدانانە بەبێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بە نهێنی ئەنجام دراون و دەدرێن.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا داوا لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە و کۆتایی بە "دادگا ساختەکان" بهێنن. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کراوە و نووسیوێتی حکومەتی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا 6 کەسی لە پێوەند لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانەدا لە سێدارە داوە و 7 کەسی دیکەش لە ئێستا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ژیانیان لە ژێر مەترسیدایە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 2023دا لانیکەم 82 کوردیان لە پارێزگا کوردنشینەکان لەسێدارەداوە کە لەو 82 کەسە، 47 کەس بە تاوانی کوشتن، 26 کەس بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان،7 کەس بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی" (افساد فی الارض)،30 کەس بە تاوانی "هەڵگرتنی چەک دژی حکومەت" (بەغی) و کەسێکیش بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنی سێکسی بووە.

پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران ڕایگەیاند کە ئەو ئامارانە نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەند نییە بە مەرجەکانی ڕێوشوێنی دادوەری و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.

XS
SM
MD
LG