Accessibility links

ئۆکرانیا و فینلاند ڕێککەوتنێکی ئاسایشی دە ساڵە مۆر دەکەن


فینلاند و کیێڤ ڕێککەوتنێکی درێژخایانی هاوکارییە ئاسایشییەکانیان واژۆکرد، لە میانی سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەلێکساندەر ستوب سەرۆکی فینلاند بۆ کیێڤ.

ستوب گوتیشی فینلاند پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بە بڕی 188 ملیۆن یۆرۆ (202 ملیۆن دۆلار) دەگەیەنێت، کە بریتیە لە بەرگری ئاسمانی و چەکی قورس بۆ سوپای ئۆکرانیا بۆ ئەوەی یارمەتیدەربێت بۆ " بردنەوە لەم شەڕەدا."

لەو ڕێککەوتنە 10 ساڵییەدا، ئەو وڵاتەی باکووری ئەوروپا ڕایگەیاندووە، "بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی درێژخایەنی سەربازی و سیاسی و دارایی، هەروەها هاوکاری مرۆیی و پشتیوانی پاراستنی مەدەنی بۆ ئۆکرانیا, بۆ ئەو ماوەیەی کە پێویستە".

ئەم ڕێککەوتنە، دوایین گرێبەستی یەک لە دوای یەکی لەم جۆرەی نێوان ئۆکرانیا و پشتیوانە سەرەکییە ڕۆژئاواییەکانییەتی.

ستوب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیێڤ ڕایگەیاند، دوایین پاکێجی پشتیوانی کۆی ئاستی هاوکارییە سەربازییەکانی فینلاند بۆ ئۆکرانیا دەگەیەنێتە دوو ملیار یۆرۆ لەو کاتەوەی ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022وەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێکردووە.

گوتیشی " ئێمە ئەم پشتیوانییە سەربازییە تەنها بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بەرگری لە خۆی بکات ناکەین، بەڵکو ئەم پشتیوانییە سەربازییە بۆ ئۆکرانیا بە مەبەستی ئەوە دەکەین کە لەم شەڕەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت."

ئۆکرانیا لە میانەی دواکەوتنی یارمەتییە چارەنووس سازەکانی ڕۆژئاوا لە هێڵەکانی پێشەوە ڕووبەڕووی کەمیی تەقەمەنی دەبێتەوە.

لە ساڵی ڕابردووەوە پاکێجێکی 60 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا پەسەند کرا، گەیاندنی تۆپخانە کە لە لەلایەن ئەوروپاوە بەڵێن دراوە، چەند مانگێک لە وادەی خۆی دواکەوتووە.

کیێڤ پشت بە هاوکاریی چەکەکانی ڕۆژئاوا دەبەستێت بۆ بەرگری کردن لە خۆی دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا.

ستوب هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کێشەی نییە لەگەڵ شەپۆلێکی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوخۆی ڕووسیادا.

ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە دوو هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر ناوچەی تەتەرستانی ڕووسیا کە نزیکەی 1100 کیلۆمەتر لە سنووری هاوبەشی ئەو لەگەڵ ئەو وڵاتە دوورە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG