Accessibility links

بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە تایوان زیانی گیانی و دارایی لێدەکەوێتەوە


بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 تایوانی هەژاند و بەهۆیەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان هێڵی کارەبا پچڕا و بەشێکی چەند باڵەخانەیەک لە ڕۆژهەڵاتی تایوان ڕووخان. لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 700 کەسیش برینداربوون.

ناوەندی بوومەلەرزەکە بە دووری 25 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دوورگەکەوە بووە و قووڵاییەکەی 15.5 کیلۆمەتر بووە. ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی کەشوهەوای تایوان ڕایگەیاندووە، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاستی ئاوی کەنارەکانی ڕۆژهەڵات و بووە هۆی ڕاگەیاندنی هۆشداریی سونامیشی. مەترسی سونامییە تا نزیکەی کاتژمێر 11ی بەیانی بەکاتی ناوخۆ بەردەوام بوو.

پاش بوومەلەرزەکە کە کاتژمێر 7:58 خولەکی سەرلەبەیانی بەکاتی ناوخۆ ڕوویدا، زیاتر لە 100 وردەبوومەلەرزەی تر ڕوودیاوە. ئەم بوومەلەرزەیە بەهێزترین بوومەلەرزە بوو کە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا لە تایوان ڕوویدابێت. بەلایەنی کەمەوە 26 باڵەخانە یان بە تەواوی یان بەشێکی لە سەرانسەری تایوان داڕماون.

زیانەکانی بوومەلەرزەکە لە سەرانسەری دوورگەکەدا ڕوویداوە و زۆربەی حاڵەتە سەختەکان لە ناوچەی هوالین لە ڕۆژهەڵات بوون. لەوێ زیاتر لە دەیان باڵەخانە هەمووی یان بەشێکیان ڕووخاون.

وێنە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە دەریدەخەن نهۆمی یەکەمی یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری هوالیێن بە تەواوی داڕماوە و باقی بیناکە بە 45 پلە خواربووەتەوە.

هەروەها بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی کەوتنە خوارەوەی بەردی گەورە بە درێژایی ڕێگا سەرەکییە شاخاوییەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی تایوان و بەهۆیەوە خەڵک بریندار بوون. بەلایەنی کەمەوە 77 کەس لە سەرانسەری ناوچەی هوالین لە نزیک ناوەندی بوومەلەرزەکە گیریان خواردووە.

دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی کاتی ڕێگای ناوەندی کرۆس ئایلاند و ڕێگای سوهوایان داخستووە، کە هەندێک بەش لە ڕێگاکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و برینداربوونیش ڕاگەیەندراوە. هێڵی ئاسنینی سەرەکی و یەکێک لەو پردانەی کە هوالیەن بە باکووری تایوانەوە دەبەستێتەوە، زیانی زۆری بەرکەوتووە و وەزارەتی گواستنەوەش هیوای خواست تا ڕۆژی پێنجشەممە هاتوچۆی هێڵی ئاسنین دەستپێبکاتەوە.

بوومەلەرزەکە شەمەندەفەر و میترۆ خێراکانی تایوانی لە سێ شارە گەورەی تایپی، تایچۆنگ و کاوسیونگ - ناچار کردووە بە شێوەیەکی کاتی کارکردنیان ڕابگرن. دوای هەڵسەنگاندنی ورد، میترۆی تایپی و شەمەندەفەری خێرای تایوان بە توانایەکی کەمترەوە دەستیان بە کارکردن کردەوە.

ژمارەیەک لە دانیشتوانی تایوان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە بوومەلەرزەکە یەکێکە لە بەهێزترین بوومەلەرزەکان کە لە چەندین ساڵدا هەستیان پێکردووە.

لە ساڵی 1999 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلە تایوانی گرتەوە و نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس گیانیان لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG