Accessibility links

شەڕی حزبوڵا و ئیسرائیل ترسێکی زۆری لای کریستیانەکانی لوبنان دروستکردووە


لە کاتێکدا گوندی ڕمێیشی کریستیانەکانی لوبنان یەکەم جەژنی ئیستەر لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززەوە سازدەکەن، دانیشتووانەکەی دەڵێن ڕووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا و ئیسرائیل دەیانکێشێتە ناو شەڕ و ململانێیەکەوە کە بە خواستی خۆیان نیە.

وەک زۆرێک لە کریستیانەکانی شوێنەکانی دیکەی باشووری لوبنان، دانیشتووان نیگەرانن و ترسیان هەیە ماڵەکانیان بەهۆی بۆردومان و پێکدادانەکانەوە وێران بێت و داگیربکرێن و خێزانەکانیان ناچاربن هەڵبێن و بۆ هەمیشە لە گوندەکانی باوباپیرانیان لە نزیک سنووری لوبنان و ئیسرائیل هەڵکەنرێن.

سەرەتای ئەم هەفتەیە دانیشتوویەکی شاری ڕمێیش ڕووبەڕووی کۆمەڵێک چەکدار بوونەوە کە هەوڵیان دەدا لە ناو گوندەکەوە موشەک بەرەو ئیسرائیل هەڵبدەن. بەپێی وتەی سەرۆکی شارەوانی میلاد ئەلعەلام و دانیشتوانی ڕمێیش هەندێک لە خەڵکی گوندەکە زەنگی کڵێسایان لێدا بۆ ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەکە لێبدەن لەکاتێکدا چەکدارەکان لە گەڕەکێکی دیکەوە موشەکیان هەڵدەدا.

عەلام لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند "ئەوەی لە شەش مانگی ڕابردوودوەوە دەیڵێنەوە ئەوەیە: لێمانگەڕێن با لە نێو ماڵەکانی خۆماندا بە بێلایەنی بمێنینەوە. هەر هێرش و بۆردومانێک زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە".

حزبوڵا لە 8 ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیکرد بە هەڵدانی موشەک لە لوتکەی گردەکان و گوندەکانی باشووری لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل بۆ پشتیوانیکردن لە بزوتنەی حەماسی هاوپەیمانی فەلەستینی، کە ڕۆژی پێشووتر هێرشێکی سنووربەزاندنی بۆ ناو ئیسرائیل ئەنجامدا لەبەرمبەردا ئیسرائیل هێرشێکی توندی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی ئەنجامدا بۆ سەر کەرتی غەززە.

ناڕەزایی خەڵکی گوندەکە ڕەنگدانەوەی ڕەخنەی پیاوانی ئایینی کریستیانی و سیاسەتمەدارانی دژبەری حزبوڵایە، کە لە مێژە ئەو گرووپە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە دەوڵەتیان پشتگوێخستووە و لە ڕێگەی خاوەنداریەتی لە جبەخانەیەکی لەشکرییەوە کە دەسەڵاتیان لە سوپای نیشتمانی زیاترە، بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتیان لە وڵاتەکەدا قۆرخکردووە.

گەنجێکی تەمەن 40 ساڵانی دانیشتووی شاری ڕمێیش کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ترسی ئەوەی هەبووە ڕەخنەگرتن لە حزبوڵا تۆڵەسەندنەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت دەڵێت "هیچ پەیوەندییەکمان بەم شەڕەوە نییە، ئەوان (واتە حیزبوڵا) دەیانەوێت ئاوارەمان بکەن". حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی زۆری دەوڵەتی لوبناندا هەیە، بەڵام ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە چەکدارەکانی هەوڵی هەڵدانی موشەکیان لە ڕمێیشەوە دابێت.

زیاتر لە دەیان مەزهەب لە پانتاییەکی هاوسەنگی ناجێگیردا لە لوبنانی بچووکدا پێکەوە دەژین، ئەمەش لە سیستەمێکی دابەشکردنی دەسەڵاتدا ڕەنگدەداتەوە کە پۆستەکانی حکومەت بەپێی ئایین دابەشکراون. سەرۆکایەتی و پارێزگاری بانکی ناوەندی – دوو پۆستی باڵان کە تایبەتە بە کریستیانە مارۆنیەکان لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 و مانگی 7 ی 2023 ەوە لەلای ئەوانەوە بەهۆی دابەشبوون لەسەر هەڵبژاردنی جێنشینەکان.

سەدان هەزار لوبنانی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە هۆی شەڕ و ململانێ و سەختییەکانەوە چ لە ناوخۆ و چ بۆ وڵاتانی دەرەوە ئاوارە بوون، لە شەڕی ناوخۆی 15 ساڵەی وڵاتەکەدا بەهۆی ئاین و ئاینزاکانەوە کوشتن و ڕفاندنی بەخۆیەوە بینیوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە مانگی 10 ەوە نزیکەی 90 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارە بوون.

غادە ئەیوب، پەرلەمانتاری کریستیان کە نوێنەرایەتی بازنەیەکی هەڵبژاردن دەکات لە باشوور و خەڵکی پارتی دژە حزبوڵای لوبنانییە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کرستیانەکان بەرامبەر حزبوڵڵا دەوەستنەوە "چونکە بوونەتە مایەی دەستدرێژی بۆ سەر بوونی ئەوان" و شەڕەکە بووتە مایەی قوڵکردنەوەی درزی نێوان کۆمەڵگە و ڕووپەری سیاسی لوبنان.

غادە وتیشی "پرسیارەکە لە ئێستادا ئەوەیە: ئایا تەنانەت هیچ خاڵێکی هاوبەشیش ماوە کە بتوانین بەردەوام بین لەسەری کە بتوانین لەڕێیەوە دەوڵەتێکی پێ بنیات بنێین؟".

ئەو ناوچەیەی زۆرترین کاریگەری تۆپباران و بۆردومانەکانی لەسەرە، ناوچە سنوورییەکانە، کە نزیکەی 12 گوندی کرستیانی هەیە لەنێویاندا ڕمێیش کە کرستیانەکان تیایدا نیشتەجێن. ئەو ناوچەیەی ئەوان لە ڕەز و بێستانەکانی زەیتون و دار سنەوبەر و کێڵگەی تووتنە، بەڵام ئێستا زۆر مەترسیدارە بۆ چاندن یان دروێنەکردن بو کۆکردنەوەی بەروبومەکانیان بەهۆی تۆپبارانەوە.

جۆزێف سەلامە، بەرپرسێکی ناوخۆیی شارۆچکەی قلێیعەیە کە نزیکەی 4 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری لوبنانەوە دوورە، دەڵێت "بەڕاستی ناوچەکانی دەوروبەرمان کاریگەرییان لەسەر بووە؛ لە دووری 500 بۆ 600 مەتر تۆپباران و بۆردومان هەبووە. ئەمەش بۆتە مایەی وێرانکردن و سوتاندنی بەروبومەکانمان".

لوبنان لە ئێستاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی داڕمانی داراییەوە کە لە ساڵی 2019 ەوە دەستیپێکردووە، هاوکات بەهۆی بۆردومانەکانەوە گەشتیاران دوورکەوتونەتەوە و کەمتر سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و هاوکات داخستنی قوتابخانەکان یان داڵدەدانی هەزاران کەسی ئاوارە بەهۆی شەڕەکانەوە، گوندەکانی سەرانسەری باشووریش کە زۆرینەیان موسڵمانی شیعەمەزهەبن، دووچاری داڕوخانێکی ئابووری دیکە بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا سەبارەت بە کۆچ و ئاوارەبوونی کرستیانەکان.

سەلامە دەشڵێت "ئێستا شەڕەکە تاویسەندووە و هانی منداڵەکانمان دەدات بۆ ئەوەی بڕۆن. ... کرستیانەکان چیتر توانای ئەوەیان نییە زیاتر لەوانی دیکە ئەو خەمە لە ئەستۆ بگرن، چونکە کێشە و گرفتەکانی ئەم وڵاتە زیاتر بووە".

هەروەها گەورە پیاوانی ئایینی کرستیانی لوبنان لە وتاری هەفتانەدا زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێداوە. پاتریارکی مارۆنی، بوترۆس ئەلرای لە سەرەتای شەڕی غەززە داوای کرد لوبنان لە پەراوێزدا بمێنێتەوە و لەم دواییانەشدا وتی شەڕ "سەپێنراوە" بەسەر کرستیانەکاندا.

لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان، هاوپەیمانی سەرەکی کرستیانی حزبوڵڵا کە بزووتنەوەی نیشتمانپەروەری ئازادە، تەنانەت ڕەخنەکانی زیاتر کردووە و دەڵێت هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ حزبوڵڵا کە نزیکەی بیست ساڵە بەردەوامە بەرەو لێکترازان دەڕوات.

جوبران باسیل، سەرۆکی پارتی ڕەوتی نیشتیمانی ئازاد دەڵێت "کێشە سەرەکییەکە کە لەم دواییانەدا سەریهەڵدا، بەزاندنی سنووری بەرگریکردن بوو لە لوبنان و تێوەگلانی لە ململانێیەکدا کە ناتوانین بڕیاری تێدا بدەین."

مایکل یۆنگ لە سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کارنێگی وتی لێدوانەکانی جوبران باسیل هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک کاریگەری بەسەر حزبوڵڵادا بە ئاماژەدان بە لێکترازان؛ بەڵام هەروەها ڕەنگدانەوەی نائارامی کرستیانەکانە لەگەڵ دۆخی ئێستادا.

سەرچاوە: رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG