Accessibility links

برای یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی سزای 40 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت


لە درێژەی فشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر کەسوکاری کوژراوەکانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە، دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری دیواندەرە لە پارێزگای کوردستان سزای 40 مانگ زیندانیکردن و غەرامەی دارایی بۆ برای یەکێک لە قوربانیانی ئەو ناڕەزایەتییانە دەردەکات.

ئومێد قەدیمی برای فواد قەدیمی یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە سزای 40 مانگ زیندانیکردن و هەروەها غەرامەکردنی بە بڕی زیاتر لە هەشت ملیۆن تمەنی ئێرانی بەسەردا سەپێندراوە.

تۆری مفی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی بە پێی بڕیاری دادگاکە، ئومێد قەدیمی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمەڵە"دا بە 32 مانگ زیندانیکردن و بە تۆمەتی " پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە 8 مانگ و هەروەها بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی " بە غەرامەکردن بە بڕی هەشت ملیۆن و نیو سزا دراوە.

بە شێوەیەکی گشتی سیستەمی ئەمنی و قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەخنەگران و نەیاران و هەروەها چالاکانی سیاسی و بنەماڵەی قوربانیان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هەیە.

لەو پێوەندییەدا ئومێد قەدیمی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و نووسیویەتی "هەزار جار وتومە ودەیڵێمەوە کە پەیوەندیم بە هیچ شوێن و لایەنێکەوە نییە و لە کەسیش دەستور وەرناگرم و تەنها بە دوای دادپەروەریدام لە دۆسیەی کوژرانی براکەمدا."

ئومید قەدیمی پێشتر مانگی نۆی ساڵی رابردوو لە دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری سنە گواسترایەوە. ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی یازدەی هەمان ساڵ بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

فواد قەدیمی، برای ناوبرا لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دیواندەرە بریندار بووە و دوای دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەستداوە.

هەراسانکردنی بنەماڵەی قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا، لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەندین جار لەلایەن دامودەزگاکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێ گیراوە.

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا ماوەیەک پیش ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە "ئەنجامدانی پێشێلکاریی جیددی مافەکانی مرۆڤ" و "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" لە کاتی "سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکاندا" تۆمەتبار کرد.

XS
SM
MD
LG