Accessibility links

زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ئامادەباشیدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەگەرییەکانی داعش لە جەژنی ئیستەردا


بەرپرسانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئامادەباشییەکی تەواودان بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەگەری هەر جۆرە مەترسییەکی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) کە دەیەوێت لەسەر بنچینەی هێرشە کوشندەکەی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ، بە پیلانی نوێ لە جەژنی ئیستەردا هێرشی دیکە ئەنجام بدات.

لە ئێستادا هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپایی هۆشدارییان داوە لەمەڕ هەڕەشەی زیاتری ئەو گرووپە و لە هەمان کاتیشدا دۆخی ئاسایشان پتەوتر دەکەن، بە تایبەتی لە ئیتاڵیا کە لەسروبەندی پشووی جەژنی ئیستەردا، نیگەرانییەکانی لەو ڕووەوە زیاتر بووە.

دوایین پڕوپاگەندەی دەوڵەتی ئیسلامی کە بە داعش ناسراوە، هۆکاری پەرەسەندنی نیگەرانییەکانە.

ئەبو حەزیفە ئەنساری، وتەبێژی داعش لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی پێنجشەممە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی خەلافەتە هەڵوەشێندراوەکەی داعش بڵاویکردەوە، داوای لە شوێنکەوتوانی کرد مەسیحییەکان بکەنە ئامانج بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمەریکا.

داعش تەنانەت لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا سەبارەت بە هێرشەکەی بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ ڕایگەیاندبوو کە پیاوەکانیان گردبوونەوەیەکی مەسیحییەکانیان کردووەتە ئامانج.

داعش مێژوویەکی دوور و درێژی لە هێرشکردنە سەر مەسیحییەکان لە جەژنی ئیستەردا هەیە. لەوانەش ‌هێرشێکی لە سریلانکا لە یەکشەممەی جەژنی ئیستەدا لە ساڵی 2019 کە بوو بە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 کەس و برینداربوونی بەلانیکەمەوە 500 کەس.

کۆڵین کلارک بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی هەواڵگری جیهانی گروپی سۆفان دەڵێت "چالاکییەکانی جەژنی ئیستەریان چالاکییەکانی پەیوەست بە جەژنی ئیستەر بە تەواوی لە لیستی ئەو بۆنانەدان کە هێرشیان تێدا ئەنجام دەدرێت.

کلارک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "داعش لە جوڵەدایە و دەتوانێت بە هێرشێکی دیکە، بەتایبەتی بۆ سەر ئامانجێکی سمبولیک، پاڵنەرێکی زۆری هەبێت بۆ چەسپاندنی ئەو چالاکییانەی دەستیپێکردووە."

وڵاتانی دیکەش لەگەڵ قەبووڵکردنی مەترسییەکانی ئەو گرووپەدا، دەڵێن ئەوان لە مێژە لە ئامادەباشییەکی چڕدان بۆ ئەوی بەرنگاری هەر جۆرە پیلانێکی ئەو گرووپە ببنەوە و دەشڵێن گەورەکردنی هەڕەشەکان و باسکردنیان سوودێکی ئۆتۆی نییە.

بەریتانیا و ئاڵمانیا و ئەمەریکا هەڵوێستێکی هاوشێوەیان گرتۆتەبەر.

لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییان دا کە وڵاتەکە لە "ژینگەیەکی مەترسیداردا" گیری خواردووە. لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو هەڵسەنگاندنی ساڵانەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا بۆ هەڕەشەکان ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکە لە "مەترسییەکی زۆر"دایە بۆ هێرشێکی تیرۆریستی، بە تایبەتی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی لایەنی ئەفغانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی کرد کە بە داعشی خۆراسان ناسراوە.

وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندووە "لە کاتێکدا هیچ زانیاری هەواڵگری تایبەت و باوەڕپێکراومان نییە کە ئاماژە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمەریکا بکات لەم کاتەدا، بەڵام وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ هەڵسەنگاندنی هەر جۆرە هەڕەشەیەک و پێشکەشکردنی نوێکارییەکان بۆ ڕای گشتی خەڵک و پاراستنی نیشتمانەکەمان."

وتیشی "داوا لە خەڵک دەکەین وریا بن و بەپەلە بەرپرسانی ناوخۆیی لە هەر جۆرە چالاکییەکی گوماناویی ئاگادار بکەنەوە."

مەتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە بە وریاییەوە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە پەرەسەندووەی گروپە تیرۆریستییەکان، لەنێویاندا داعشی خوراسان مامەڵە دەکەین."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG