Accessibility links

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حزبوڵا لە فڕۆکەخانەی حەلەب گەیشتە 52 کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشە ئاسمانیەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب کە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئیسرائیل کوژراون، گەیشتە 52 کەس.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، ڕاشیگەیاند کە 38 کەس لەو کەسانەی لەم هێرشەدا کوژراون، سەربازانی سوپای سوریان و 7 کەسیان ئەندامی حزبوڵای لوبنان بوون و 7 کەسی دیکەش میلیشیاکانی سوریان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان لێدەکەن.

بەگوێرەی ئەم ڕێکخراوەیە کە چاودێری پێشهاتەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا دەکات، کۆگایەکی مووشەکی حزبوڵای لوبنانی لە نزیک ناوەندێکی پەروەردەیی لە ناوچەی "جبرین"، نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، لە ئامانجەکانی هێرشەکە بووە. لەم هێرشانەدا کە دەخڕیتە پاڵ ئیسرائیل، کارگە سەربازییەکانی ناوچەی ئەلسەفیرەش بۆردومان کراون.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو هێرشانە، یوف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی کە ستراتیژی وڵاتەکەی لە شێوازی بەرگرییەوە گۆڕاوە بۆ شێوازی شوێنکەوتنی حزبوڵای لوبنان و هێرش دەکاتە سەر چالاکییەکانی گروپەکە لە بەیروت، دیمەشق، یان هەر شوێنێکی دیکە.

لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە، حیزبوڵڵای لوبنان وەک گرینگترین گرووپی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە ناوچەکەدا، هێرشەکانی دژ بە پێگەکانی سوپای ئیسرائیل لە باکووری ئەو وڵاتە و هەروەها بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل کە لە نزیک سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل جێگیر بوون، چڕتر کردوەتە .

لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل چڕی و ژمارەی هێرشەکانی بۆ سەر پێگە و ژێرخانەکانی حزبوڵا لە لوبنان و سوریا زیاد کردووە و بە پێچەوانەی رێکاری هەمیشەیی خۆی، تا ئێستا دانی بە بەرپرسیارێتی چەند هێرشێکیش لە سوریادا ناوە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG